دەستەى تەندروستى رۆژئاواى کوردستان ئامارى قوربانییەکانى لەشکرکێشى تورکیای راگەیاند

کوردستان

20/10/2019‌ 506 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا ئاماری شەهیدو بریندارانی چەند رۆژى رابردووى ڕاگەیاند کە بەپێى ئاماردەکان ٢٣٥هاوڵاتی مەدەنى شەهیدبوون و ٦٧٧کەسیش برینداربوونە.

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا جوان مستەفای هاوسەرۆکی دەستەی تەندروستی و خالد ئیبراهیم هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری رێکخراوەکان لە کانتۆنی جزیرە، لە شاری حەسەکە، ئاماری شەهید وبریندارانی چەند رۆژی رابردووی هێرشی چەکدارەکان و سوپای تورک بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا راگەیاند.
ئاماژەى بەوەشکردوە، نزیکەی ٦٧٧ کەس تا ئێستا بریندار بوون، ژمارەی شەهیدانی مەدەنیش تا ئێستا گەیشتوەتە ٢٣٥ هاوڵاتی کە ٢٢ کەسیان منداڵن.
هاوکات خالد ئیبراهیم هاوسەرۆکی نووسینگەی کاروباری رێکخراوەکان لە کانتۆنی جزیرە رایگەیاند: "ئێمە لە بەردەم کارەساتێکی مرۆیی داین، نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەسی دانیشتوانی شارە سنوورییەکان ئاوارە بوون، لە شارۆچکەی حەسەکە ٤٢ قوتابخانە پڕن لە ئاوارە".
ناوبراو باسى لەوەشکرد، لە رۆژی ٩ی تشرینی یەکەم، ئاو لە سەرێ کانی بڕاوە، ئەوەش دوای ئەوە هات کە سوپای تورک و چەتەکان هێرشیان کردە سەر وێستگەی ناردنی ئاو لە گوندی عەلۆک-ی سەر بە سەرێ کانی.

س.هـ