ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی شاری غەززەی دەستپێکرد

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 315 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنی زەمینی بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززەی دەستپێکرد.

بەرپرسێکی سەربازی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە ئیسرائیل وردە وردە ژمارەی هێزەکانی لە شاری غەززە زیاد دەکات.

ئەو بەرپرسە مەزەندە دەکات ٤٠ لەسەدی دانیشتووانی شاری غەززە پێشتر ڕویان لە بەشی باشوری کەرتی غەززە کردووە و لەوێش "هەوڵە مرۆییەکان" فراوانتر دەکرێن.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ئەوەی لە شاری غەززە ڕودەدات ترسناکە و شەڕی ناوچە فەلەستینییەکان لە ڕوی ئەخلاقی و سیاسی و یاساییەوە قبوڵ ناکرێت.

کایا کاڵاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، دۆخەکە بەرەو خراپتر دەبات.

کاڵاس لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس نووسیویەتی: هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دۆخێکی لە ئێستا خراپتر دروستدەکات.

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر شاری غەززە قۆناغێکی نوێیە لە پلانەکانی جینۆسایدی شارەکە.

هۆشداریشی دا ئیسرائیل هێرشەکانی لەغەززە چڕتر دەکاتەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتری بەکۆمەڵ.
ئ.ه