سه‌رباریى ڕاگه‌یاندنى مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر عێراق ئه‌مریكا بڕیاریداو ده‌ستیپێكرد

عیراق

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 8892 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سه‌ربارى ڕاگه‌یاندنى مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌ له‌سه‌ر عێراق، ئه‌مریكا ماوه‌ى دوو هه‌فته‌یه‌ ده‌ستى به‌كشانه‌وه‌ى سه‌ربازه‌كانى خۆى كردوه‌ له‌عێراق‌و سه‌رچاوه‌یه‌كیش واده‌ى كشانه‌وه‌ى سه‌ربازانى ئه‌مریكا له‌خاكى هه‌رێمی كوردستانیش ئاشكراده‌كات، به‌رپرسێكى باڵاى سه‌ربازیى عێراقیش ده‌ڵێت، "هێزى تایبه‌تمان دامه‌زراندوه‌و چاودێرییه‌كى ورد له‌سه‌ر سنوره‌كان هه‌یه‌و تواناى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى مه‌ترسیه‌كانیشمان هه‌یه‌".


چه‌ند زانیارییه‌كى ڕۆژنامه‌وانى ئاشكرایانكردوه‌، ماوه‌ى دوو هەفتەیە ئه‌مریكا ده‌ستیكردوه‌ به‌کشانەوەى سه‌ربازه‌كانى‌و ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش چەندین بنکەی سەربازیی گرنگ دەگرێتەوە، لەوانە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لەپارێزگای ئەنبارو بنکەی ڤیکتۆریا لەنێو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا، بڕیاریشە تا کۆتایی ئه‌م مانگە، سەرجەم سەربازانی ئەمریکا کە ژماره‌یان دوو هەزارو 500 سەربازە، عێراق بەجێبهێڵن.

سه‌باره‌ت به‌كشانه‌وه‌ى سه‌ربازانى ئه‌مریكا له‌هه‌رێمیش، ئیبراهیم سومەیدەعی ڕاوێژکاری پێشوی سەرۆک کۆماری عێراق ئاشكرایكردوه‌، پرۆسەی کشانەوەکە به‌گوێره‌ى ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات دەستیپێکردوە، لەکۆتایی ئەیلولی 2026 لەهەرێمی کوردستانیش دەکشێنەوەو ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەعێراق کۆتایی دێت.

لای خۆیەوە، وەزارەتی بەرگریی عێراق دڵنیایی دەدات، هێزە عێراقییەکان ئامادەن بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر مەترسییەک دوای کشانەوەی هێزە بیانییەکان.

له‌وباره‌یه‌وه‌ تەحسین خەفاجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراقیش وتویه‌تى، "هەموو بۆشاییە ئەمنییەکانمان لەڕێگەی دانانی تاوەری سەربازیی، کامێرای چاودێریی‌و پڕچەککردنی هێزەکانمانەوە پڕکردوەتەوەو هێزى تایبەت بەبیابانەکانمان لەئەنبار، نەینەواو جەزیرە دامەزراندوە".

کشانەوەی ئه‌مریكا لەعێراق له‌کاتێکدایە، واشنتۆن بەفەرمی هۆشداریداوە لەئەگەری دوبارە سەرهەڵدانەوەی داعش‌و قاعیدە لەعێراق، سەرەڕای ئەمەش، حکومەتی عێراق سورە لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری کشانەوەی تەواوەتی هێزەکانى ئه‌و وڵاته‌ لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا.

بەپەلە