شارپرێس:
لەسنوری سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان دژی پرۆژەیەک سازکراو گرژیی لێکەوتەوە، کەسێک کوژراو سێ کەسی دیکە بریندار بوون
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تەقەیان لە خۆپیشاندەرانی دژ بە پرۆژەی کانزای زێڕی (قوڵقوڵە)ی گوندی پیرعومەرانی سنوری سەقز کرد و لە ئاکامدا هاوڵاتی محەمەد ڕەشیدی کوژرا و سێ هاوڵاتیی دیکە بە ناوەکانی ڕامیار ڕەشیدی، محەمەدئەمین ڕەشیدی و هێمن ڕەشیدی بە سەختی بریندار بوون.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکە، دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە محەمەد ڕەشیدی، خەڵکی گوندی «پیر عومەران» بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت کوژرا و سێ کەسی ناڕازیی دیکەی خەڵکی ئەم گوندە و لە کەسوکارەکانی ناوبراو بریندار بوون.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، تەرمی محەمەد ڕەشیدی بۆ نەخۆشخانەی بانە گواستراوەتەوە و بریندارەکانیش بۆ چارەسەریی هەر لەم نەخۆشانەدا لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدان و دۆخی تەندروستییان ناجێگیرە.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، لە ئێستادا هێڵەکانی تەلەفونی ئەم ناوچە وەستاون و ئەگەری خۆپیشاندانی بەربڵاو لە ناو شاری سەقزیش بوونی هەیە.
هەروەها نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی لە شاری بانە، لە لایەن ڕێژەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی ئەمنیی کۆماری ئیسلامی ئێران گەمارۆ دراوە و مۆڵەتی چاوپێکەوتن و بینین بە سەردانکەران نادرێت.
ئ.ه
