شارپرێس:
ناوەندی ستراتیژی بۆ مافی مرۆڤ لەعێراق ئاشكرایدهكات، بەهۆی کەمئاوییەوە ڕودانی کارەساتێکی مرۆیی زۆر نزیک بوهتهوه.
ناوەندی ستراتیژیی بۆ مافی مرۆڤ لەعێراق ڕاپۆرتێکى بڵاوكردوهتهوهو هۆشداریداوه لەبارەی ئەگەری ڕودانی "کارەساتێکی مرۆیی نزیک" لەوڵاتدا بەهۆی خراپبونی قەیرانی "کەمیی ئاو"و ئەو قەیرانە ژینگەییو ژێرخانانەی کە لێی دەکەونەوە.
ناوەندەکە لەڕاپۆرتەکەیدا جەختی لەوەکردوهتەوە، عێراق ڕوبەڕوی هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بوەتەوە لەسەر مافە سەرەکییەکانی مرۆڤ، وەک مافی ژیان، تەندروستییو حەوانەوە، کە ئەمەش بەهۆی بەڕێوەبردنی خراپی قەیرانەکانو دوبارەبونەوەی ڕوداوە دڵتەزێنەکانە وەک ئاگرکەوتنەوە لەنەخۆشخانەو بازاڕەکاندا.
ناوەندەکە ڕاشیگەیاندوه، لاوازیی وەڵامدانەوەی حکومەتو کەمتەرخەمیی پلانە خۆپارێزییەکان، مەترسییەکان لەسەر ژیانی هەزاران هاوڵاتی زیاد دەکەن.
ڕاپۆرتەکە داوای لەدەسەڵاتدارانی عێراق کردوە حاڵەتێکی ئامادەباشی مرۆیی بەپەلە ڕابگەیەننو ستراتیژێکی نیشتمانیی گشتگیر بۆ چارەسەرکردنی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی دابنێن، ئەوە جگە لەشەفافیەتو بەشداریی کۆمەڵایەتی لەم هەوڵانەدا، هەروەها داوای لە"کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی" کردوە کە پشتگیریی عێراق بکەنو فشاربخەنەسەر وڵاتانی سەرچاوە، بۆ ڕێزگرتن لەپشکی ئاوی عێراق.
ناوەندەکە هۆشداریدا کە کەمتەرخەمی لەم بابەتەدا پێشێلکردنێکی ڕونو ئاشکرای مافەکانی مرۆڤەو هەڕەشە لەئاشتیی کۆمەڵایەتی دەکات.
