پلانی نوێی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل ئاشكراده‌كرێت

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 5845 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی بازرگانیی عێراق، پلانی نوێی بۆ ڕێکخستنی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلى ڕاگەیاند کە پێنج تەوەر لەخۆدەگرێت.


ئەو پلانە ئامانجیەتی بازاڕی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل ڕێکبخات‌و هاوسەنگییەک لەنێوان دابینکردنی پێداویستییەکانی هاوڵاتیان‌و پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی دروستبکات، بەتایبەتی لەبارەی قەرەباڵغی هاتوچۆ، پیسبونی هەواو بەفیڕۆنەدانی وزە.

محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگه‌یاندوه‌، پلانەکە بۆ قەدەغەکردن یان کەمکردنەوەی بێسەروبەرەیی نییە، بەڵکو بۆ دانانی کۆمەڵێک مەرجی هونەریی‌و کارگێڕییە. 

وتویەتی، "ئەم مەرجانە بریتین لەدیاریکردنی تایبەتمەندی ئۆتۆمبێلی ڕێگەپێدراو بۆ هاوردەکردن، وەک کارایی سوتەمەنی‌و دەرچونی گاز، هەروەها دیاریکردنی تەمەنی ڕێگەپێدراوی ئۆتۆمبێلەکە.

هەروەک جەخت لەسەر هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی هایبرێد یان کارەبایی لەقۆناغی دیاریکراودا کراوەتەوە.

وتەبێژەکەی وەزارەتی بازرگانیی ئاماژەی بەوەشدا، پلانەکە پشت بەباج‌و گومرگ دەبەستێت وەک ئامرازێک بۆ ڕێکخستنی خواست لەسەر هەندێک جۆری ئۆتۆمبێل، بەتایبەتی ئەوانەی گەورەن یان زۆر سوتەمەنیی بەکاردەهێنن.

هاوکات، وەزارەتەکە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی گواستنەوە، ژینگەو ناوخۆ دەکات بۆ دڵنیابون لەیەکگرتویی سیاسەتەکان، ئەوە جگە لەهاندانی گواستنەوەی گشتیى‌و لەپڕۆژەکانی گواستنەوەی کۆمەڵاییدا لەخۆدەگرێت بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بەئۆتۆمبێلی تایبەت.

بەپەلە