شارپرێس:
پشتیوانییهكانى فهرهنسا بۆ كورد لهڕۆژئاواى كوردستان تادێت زیاد دهكات، لهبهرامبهریشدا توركیا كارتى حزبوڵڵاى لوبنان دهجوڵێنێتو دهیهوێت بهپاریس بڵێت، منیش كارتى حزبوڵڵام لهدهستدایهو ههركات بمهوێ دژى بهرهى ڕۆژئاوا دهیجوڵێنمو لهبهرژهوهندیى خۆمو ناسهقامگیریى ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست بهكاریدههێنم، لهبهرامبهریشدا فهرهنسا پێیوایه، دهكرێت بهبێ دیمهشقیش سهقامگیریى لهسوریا زیاتر پهرهى پێبدرێت، چونكه ئهوان پێیانوایه بۆ ئهو ئهركه، ههسهدهو هاوپهیمانهكانى بهسن.
پێشهاتە سیاسییەکانو کۆبونەوە دیپلۆماسییەکانی نێوان لایەنە ناوچەییو نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەبۆچونە ناکۆکەکانی نێوان فەرەنساو تورکیا دەکەن سەبارەت بەپرسى سوریا، بەتایبەتی سەبارەت بەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان)، لەلایەکی دیکەوە، تورکیا کارتی حزبوڵڵای لوبنان لەبەرامبەر فەرەنساو ئیسرائیل دهجوڵێنێت.
باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا گۆڕەپانێک بۆ کێبڕکێی نێودەوڵەتیو ناوچەیی
قەیرانی سوریا لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس لەکۆتایی ساڵی ڕابردوو و دواتر سەرهەڵدانی دهستهى تەحریر شام بۆ دەسەڵات لەدیمەشق لەسەروی کارنامەی زۆرێک لەزلهێزە نێودەوڵەتیو ناوچەییەکان بوە.
دیمەشق بوەتە گۆڕەپانێک بۆ کێبڕکێو یەکلاکردنەوەی نمرەکان لەنێوان ئەو زلهێزە زۆرانەی ناوچەییو نێودەوڵەتی کە لەکاتی شەڕی ناوخۆدا مەلەفی سوریایان بەڕێوەبردوە.
بەڵام پێدەچێت ناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئایندەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دیمەشق، بوبێتە گۆڕەپانی کێبڕکێی نێوان چەند زلهێزێکی ناوچەکە، وەک فەرەنسا، تورکیا، ئیسرائیل، ئەمریکا، ڕوسیاو دیمەشق.
ململانێی بەرژەوەندییەکانی نێوان تورکیاو فەرەنسا
بەگوێرەی زانیارییەكان، گفتوگۆی ئەمنی لەنێوان فەرەنساو تورکیا سەبارەت بەداهاتوی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاو پەیوەندییەکانی لەگەڵ دیمەشق ئەنجامدراوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی نفوزی فەرەنسا وەک ناوبژیوانێک لەنێوان ئیدارەی خۆسەرو دیمەشقدا ڕوى لهههڵكشان كردوه.
فەرەنسا ڕێبازێکی پراگماتیک بۆ ئەم پرسە دەگرێتەبەر، پێشنیازی بەرزکردنەوەی سەقامگیریی دەکات لەڕێگەی پەیوەندیکردن لەگەڵ ئیدارەی خۆسهرى ڕۆژئاوا، تەنانەت بەبێ مۆڵەتی دیمەشق.
هەروەها فەرەنسا هەوڵدەدات کەناڵە ناوخۆییو ناوچەییەکان بەکاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیریی، لەگەڵ کرانهوه بەڕوی خۆبەڕێوەبردنو ئەگەری هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان (ئەمریکاو ڕوسیا).
تورکیا هۆشداریدەداتە فەرەنسا لەپشتیوانیکردن لەکورد
لەبەرامبەردا تورکیا، لەسیاسەتی فەرەنسا سەبارەت بەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ناڕازییەو بەتوندی پێشنیازی فەرەنساو ئەمریکا بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (ههسهده) لەدامەزراوەکانی دەوڵەتی سوریا ڕەتدەکاتەوە، فەرەنسا هۆشداریداوە لەوەی، بەپشتیوانی بۆ کورد ناوی دەبات.
تورکیا کارتی حزبوڵڵای لوبنان هەڵدەدا
لەبەرامبەردا ئەنكەرە ئاماژەی بەئەگەری فراوانکردنی نفوزی ناوچەیی خۆییو پاڵپشتیکردنی حزبوڵڵا لەلوبنان لەدژی فەرەنساو ئیسرائیل کردوە ئەگەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر پێگەکانی لەدیمەشق بەردەوامبێت، ئەمە جگە لەبەردەوامی پاڵپشتی فەرەنسا بۆ ئیدارەی خۆسەر لەباکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا.
سەرچاوە ئاگادارەکان پێشتر پشتڕاستیانکردبوەوە کە دەزگای هەواڵگری تورکیا (میت) لەگەڵ بەرپرسانی گروپی حزبوڵڵای لوبنان لەناوخۆی لوبنان هەماهەنگی دەکاتو ئاماژەیان بەوەکردبوو، هەواڵگری تورکیا لەڕێگەی ئەفسەرێکی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لەگەڵ حاجى سابر لەباشوری لوبنان پەیوەندیی دەکات.
ئەو سەرچاوانە ئاشکرایانکرد، هەواڵگریی تورکیا حاجى سابریان لەهەندێک زانیاری ئاگادارکردوهتەوە، لەوانەش هەندێک بریکاری مەترسیدار لەلوبنان هەن کە بۆ موسادی ئیسرائیلیو ئەمریکییەکان کاردەکەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "زانیارییەکان ئەوەیان تێدابوو کە مۆساد لەڕێگەی ئەم بریکارانەوە پلانێکی ئامادەکردووە بۆ ئەنجامدانی بۆردومانکردن لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حزبوڵڵا لەلوبنان".
سەرچاوەکان ڕونیانکردەوە، هەواڵگری تورکیا ئەو بەرپرسەی حزبوڵڵاى ئاگادارکردوهتهوه، تورکیا هەوڵدەدات ئەم پلانە پوچەڵبکاتەوە، کە مۆسادی ئیسرائیلو ئەمریکا ئامادەیان كردوه، بۆ ئەوەی حزبوڵڵا لەلوبنان بکاتە ئامانج لەڕێگەی ئاشکراکردنی ئەو بریکارانە، دواتر حزبوڵڵا دەتوانێت دوای وەرگرتنی زانیاریی لەهەواڵگری تورکیا، لەناویان ببات.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، هەواڵگری تورکیا لەڕێگەی ئەفسەرێکی متمانەپێکراوی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لەگەڵ حزبوڵڵا پەیوەندیكردوهو ئاگاداریکردوەتەوە کە وردەکاریی پلانهكانى ئیسرائیلو ئەمریکا لەلوبنان ئاشکرادەکات.
ئەو سەرچاوانە ڕونیانکردەوە، هەواڵگریی تورکیا لەئامادەباشییەکی بەرزدایەو بەهەموو شێوەیەک کار بۆ ڕێگریکردن لەچەکداماڵینی حزبوڵڵای لوبنان دەکات، بەهاوکاری هەواڵگری ئێران.
سەرچاوەکان جەختیانکردەوە، ئامانج ئهو بهرگریكردنه، سەرقاڵکردنی ئیسرائیلە بەکەرتی غەززەو لوبنانو دورکەوتنەوە لەخۆییو ئێران.
