شارپرێس:
مەسرور بارزانی بڕی دوو ملیار دیناری وەک فریاگوزاریى بۆ چارەسەرکردن
و خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆ و ڕێرەوەکانی ئاوی سروشتی باران و کەموکوڕى و گرفتەکانى
تەرخانکرد، بەمەبەستی رێگریکردن لەدروستبونی لافاو لە وەرزی بارانبارینی ئەمساڵدا .
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، لە
دیوانى پارێزگا کۆبوونەوەیەکى تایبەت سەبارەت بە ئامادەکاریى بۆ وەرزى بارانبارینى
ئەمساڵ و خاوێنکردنەوەی مەنهۆل و ئاوەڕۆ و کەند و ڕێرەوە سروشتییەکانى ئاوى باران
ئەنجامدرا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەکرد،" بە ڕەزامەندى
مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دوو ملیار دینار وەک فریاگوزاریى
بۆ چارەسەرکردن و خاوێنکردنەوەی ئاوەڕۆ و رێرەوەکانی ئاوی سروشتی و کەموکوڕى و
گرفتەکان و ئاوەڕۆ و شەقامە گشتییەکان و کوچە و کۆڵانەکانی شارى هەولێر و کەند و
رێڕەوى سروشتى ئاوى باران و نەهێڵانى كێشەكان تەرخانكراوە ".
ئەوەشخراوەتەڕوو، بڕیارە بڕە پارەکە بۆ هەریەک لە
بەڕێوەبەرایەتى ئاوەڕۆی هەولێر، بەرێوەبەرایەتى ئاودێری، بەڕێوەبەرایەتى
چاككردنەوە و پاراستنی ڕیگاوبانی هەولێر تەرخانکراوە، بۆ چارەسەرکردن و نەهێشتنی
ئەو کەموکوڕى و گرفتانەى هەن.
پارێزگاری هەولێر جەختیشى له خێڕاترکردنى هەنگاوەکانیان کردەوە و دوپاتیکردەوە،
کە دەبێت لە زوترین کاتدا ڕێکارى پێویست بگرنەبەر بۆ چارەسەرکردنیان.
