سودانى له‌باره‌ى كێشه‌یه‌كى هه‌ولێرو به‌غداوه‌ بڕیاریدا

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 9796 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى چاوه‌ڕوانییه‌كى زۆر بۆ تێپه‌ڕبونیان بۆ شاره‌كانى خواروو ناوه‌ڕاست له‌شاره‌كانى هه‌رێمه‌وه‌، سودانی چەند بڕیارو ڕاسپاردەیەکی دەرکرد، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش دەڵێت، "وەزارەتی ناوخۆ ڕێگە بەتێپەڕبونی ئەو بارهەڵگرانە دەدات کە لەهەرێمه‌وه‌ دێن‌و بەرهەمی ناوخۆییان بارکردوە، بەبێ پشکنینی سۆنار".


ڕاگه‌یه‌نراوێكى نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، ئەو بڕیارەی محەممەد شیاع سودانی، لەکاتی پێشوازیکردنیدابوه‌ لەسەرۆک‌و ئەندامانی سەندیکای شۆفێرانی بارهەڵگر، بۆ تاووتوێکردنی ئەو کێشەو ئاستەنگانەی لەمدواییانەدا ڕوبەڕویان بوه‌تەوە.
 
ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "تاووتوێی ئەو ڕاسپاردانەی کراوە کە لەلایەن تیمی چاکسازیی گومرگییەوە ئامادەکراون، بڕیاریشه‌ ئه‌مڕۆ پێنجشەممە، کۆبونەوەیەک بۆ گفتوگۆکردنی میکانیزمی جێبەجێکردنیان بەڕێوەبچێت، کە ئامانج لێی چارەسەرکردنی کێشەی جوڵەی بارهەڵگرەکانە لەدەروازە سنورییەکان، نوسینگەکانی گومرگ‌و بازگەکانیش".
 
وه‌كو نوسینگه‌ى سودانى ئاشكرایكردوه‌، ئەو ڕاسپاردانەی دەرکراون بریتین له‌:
1- ڕاسپاردنی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بۆ کاراکردنی وێستگەکانی کێشکردن لەسەر ڕێگە سەرەکییەکان‌و دەروازەی شارەکان، دابینکردنی تەرازوی زیرەک، کاراکردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی بۆ کرێ‌و سزا داراییەکان‌و پەسەندکردنی بڕوانامەی پێوانەکردن کە لەوەزارەتی نەوتەوە دەردەچێت.
 
2- نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەسەڵات دەداتە دەستەی دەروازە سنورییەکان بۆ ڕاگرتنی ئەو بارهەڵگرە سەرپێچیکارانەو سنوردارکردنی تۆمارکردنیان لەفۆڕمی بەرهەمی ناوخۆیی، هەروەها دەستبەسەرداگرتنی ئەو بارهەڵگرانەی کە گواستنەوەی مادەی قەدەغەکراویان لەسەر ساغدەبێتەوە.
 
3- وەزارەتی ناوخۆ ڕێگە بەتێپەڕبونی ئەو بارهەڵگرانە دەدات کە لەهەرێمه‌وه‌ دێن‌و بەرهەمی ناوخۆییان بارکردوە، بەبێ پشکنینی سۆنار.
 
4- وەزارەتەکانی پیشەسازیی‌و کشتوکاڵ‌و دەستەی نیشتمانیی وەبەرهێنان، ئەو پڕۆژەو کارگانە پابەند دەکەن کە لەپلاتفۆڕمی بەرهەمی ناوخۆییدا تۆمارکراون، بەدانانی نیشانەی بازرگانی.
 
5- دەستەی دەروازە سنورییەکان ڕێگریی لەمانەوەی بارهەڵگرەکان دەکات بەشەو لەگۆڕەپانەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەوڵاتانی دراوسێ‌و پێویستە ڕێکارەکانیان لەماوەی (24) کاتژمێردا تەواوبکرێت.
 
6- دەستەی گشتیی گومرگ لەژورەکانی کۆنترۆڵی ئامێرەکانی سۆنار لەنوسینگەکانی گومرگ ئامادە دەبێت بۆ تۆمارکردنی حاڵەتە گوماناوییەکان.
 
7- وەزارەتی گواستنەوە، بەڵگەنامەی ڕادەستکردنی کۆتایی کاڵا کە دەدرێتە بارهەڵگرەکان لەدەروازە سنورییەکان، وەکو بەڵگەنامەیەکی فەرمی پەسنددەکات.
 
8- فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕێگە بەهاتوچۆی بارهەڵگرەکان دەدات لەڕێگەی نێوان (نوخەیب - ڕێگەی خێرای نێودەوڵەتی) بەدرێژایی 24 کاتژمێر.
 
9- وەزارەتی نەوت هەر دوو ڕۆژ جارێک، بڕی (250 لیتر) گاز بۆ بارهەڵگری قەلاب دابیندەکات.
 
چەند ڕۆژێکە شۆفێرانی بارهەڵگر لەسەرتاسەری عێراق وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بەمامەڵەی بازگەکان، گواستنەوەی کەلوپەل‌و کاڵایان ڕاگرتوەو مۆڵەتیان داوەتە حکومەت تاوەکو ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەکەیان بدۆزێتەوە.