ئەمریکا چوار گروپی سەر بەحەشدی شەعبی نزیک لەئێرانی خستە لیستی ڕەشی تیرۆرەوە

عیراق

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4982 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

به‌گوێره‌ى بڕیارێكى نوێى ئەمریکا، چوار گروپی سەر بەحەشدی شەعبی نزیک لەئێران خرانه‌ لیستی ڕەشی تیرۆرەوە، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكاش زانیاریى گرنگ له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.


مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا له‌په‌یامێكى به‌په‌له‌دا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوە، گروپە میلیشیاکانی (بزوتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەیید شوهەدا، بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا، کەتائیبی ئیمام عەلیی) عێراقی نزیک لەئێران دەخاتە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە دەرەکییەکانەوە".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، "بزوتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەیید شوهەدا، بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیاو کەتائیبی ئیمام عەلیی عێراق کە بەنزیک لەئێران هەژماردەکرێن، له‌مڕۆ به‌دواوه‌ له‌لیستى ڕه‌شى تیرۆرن‌و وه‌كو گروپى تیرۆریستى مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت".

 روبیۆ وتی، "ئێران بەردەوامە لەپێشکێشکردنی هاوکاریی کە یارمەتیی ئەو گروپانە دەدات پلان بۆ ئەنجامدانی هێرش لەسەرتاسەری عێراق دابڕێژن، کارئاسانی بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان بکەن یان جێبەجێیان بکەن".
 
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەشکرد، وڵاتەکەی سود لەهەموو ئامرازەکان وەردەگرێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گرێدراوەکانی بەئاسایشی نیشتمانییەوە.