زێڕ متمانەی دراوەکان لاواز دەکات

جیهان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1385 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:
نرخی زێڕ جێگەی سەرنجی جیهانییە و گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی کە گەیشتە نزیکەی ٤٤٠٠ دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک لەچەند ڕۆژی ڕابردوو، بەڵام دواتر کەمێک دابەزیەوە.

ئەم جموجۆڵانە لە کاتێکدایە کە گرژییە بازرگانییەکانی نێوان واشنتۆن و پەکین، پەرەسەندن و داخستنی بەردەوامی حکومەتی ئەمریکا و زیادبوونی خواست لەسەر زێڕ وەک یەدەگ و پاشەکەوتی پارێزراو بەهۆی تێکچوونی متمانە بە بازاڕە داراییەکان  و  دراوە کاغەزییەکان، دەبنەهۆی هەڵکشانی بەردەوامی نرخەکەی، ئەوەش بەپێی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکان.

مستەفا فەهمی، بەرپرسی ستراتیژی لە کۆمپانیای وەبەرهێنانی فۆرترێس، ڕایگەیاند، نرخی زێڕ بە گشتی لەماوەی مامناوەند و درێژخایەندا بەرەو سەرەوە دەبێت و زێڕ بەردەوام دەبێت لە سودوەرگرتن لە خواستێکی بەرچاو لە بانکە ناوەندییەکان، دامەزراوەکان، وەبەرهێنەران، ئەویش بە هۆکاری پارێزراوی یان بۆ دەربازبوون لە جەنجاڵی هەڵاوسان و وەرینی بەهای دراوە کاغەزییەکان".

سەبارەت بە چاوەڕوانییەکانی هەفتەی داهاتوو، فەهمی ڕونیکردەوە، دوای ئەم دابەزینە کاتییە، زێڕ دەست بە بەرزبوونەوەی خۆی دەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هۆکارانەی خوارەوە کاریگەرییان دەبێت لەسەر جوڵەی نرخی زێڕ:

شەڕی گومرگی نێوان ئەمریکا و چین.
درێژەدان یان کۆتایی هاتنی داخستنی حکومەتی ئەمریکا.
پێشهاتە سیاسییەکانی فەرەنسا و ژاپۆن.
هۆکارە جیۆپۆلەتیکیەکانی تر.

فەهمی وتیشی، "ناتوانرێت ئەو ڕۆژە یان نرخێک دیاری بکرێت کە بەرزبوونەوەکە لێیەوە دەستپێدەکاتەوە، بەڵام ئەوەی دڵنیاییە خواست بەردەوام دەبێت، ئەمەش بەهۆی هۆکارە ئابوری و جیۆپۆلەتیکییەکانی ئێستاوە دەبێت، بەتایبەتی ئەوەی لە شەڕی ڕوسیا و ئۆکرانیا و لە نێوان ئەمریکا و ڤەنزوێلادا ڕوودەدات".
ئ.ه