شارپرێس:
لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان لەهەڵکشاندانو قوبرس وەک گۆڕەپانێکی نوێ بۆ ڕکابەری نێوان تورکیاو ئیسرائیل دەرکەوتوە، دوای ئەوەی بەشێوەیەکی نەریتی ناوەندی ململانێی تورکی-یۆنانی بوو.
دورگەکە بوەتە خاڵێکی ستراتیژیی بۆ ئیسرائیل، کە ئامانجی لێی کەمکردنەوەی هەژموونی تورکیاو بەهێزکردنی ئامادەیی سەربازییو ئەمنیی خۆیەتی لەناوچەکەدا.
چاودێران ئاماژە بەوەدەکەن، هاوکاریی نێوان ئیسرائیلو قوبرس لەچوارچێوەی ئابوریی تێپەڕیوەو بوارەکانی بەرگرییو هەواڵگریی پێشکەوتوی گرتوەتەوە.
ڕاپۆرتەکان باس لەبڵاوکردنەوەی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی جۆری "باراک ئێم ئێکس"و بنکەکانی چاودێرییو دامەزراوەی هەواڵگریی ئیسرائیلی لەدورگەکەدا دەکەن.
موهەنەد حافز ئۆغڵو شیكەرەوەى سیاسیى باس لهوهدهكات، ئەم جوڵەیە وەک "قۆناغێکی نوێ" لەپەیوەندییەکانی ئیسرائیلی-تورکیه.
دهشڵێت، "تەلئەبیب هەوڵدەدات چەندین بەرەی فشار لەسەر ئەنكەرە بکاتەوە کە بە"ژمارەی قورس"ی هاوکێشەی ناوچەکە دایدەنێت".
بەبڕوای چاودێرانى سیاسیى، ئیسرائیل پێیوایە تورکیا گەورەترین هەڕەشەی هەرێمییە کە توانای ڕکابەریی پڕۆژەکانی لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا هەیە، بەتایبەتی دوای پاشەکشەی ڕۆڵی سوریاو لوبنان.
باس لەوەشدەکات، ئەنكەرە پێگەی خۆی بەهێزکردوە لەڕێگەی هاوپەیمانێتی هەرێمیو نێودەوڵەتی گەشەسەندوو هەروەها هێزی دەریایی لەزیادبوندایە.
لەبەرامبەردا، ئیسرائیل هەوڵدەدات قوبرسو یۆنان بەکاربهێنێت بۆ گەمارۆدانی تورکیا بەشێوەیەکی ستراتیژییو گەمارۆدانی لەڕۆژهەڵاتو ڕۆژئاواوە.
هەروەک ئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا، هەڵبژاردنەکانی دوایی لەباکوری قوبرس، کە تیایدا توفان ئێرهۆرمان سەرکەوتنی بەدەستهێنا، وەک گورزێکی دیپلۆماسی بۆ سەرۆک کۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەیرکرا، لەگەڵ تۆمەتگەلێک سەبارەت بەدەستوەردانەکانی ناڕاستەوخۆی ئیسرائیل.
ئەو پێیوایە، هاوپەیمانی سێ قۆڵی نێوان ئیسرائیل، قوبرسو یۆنان ڕەنگدانەوەی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ"یە، کە تێیدا کێشەکانی وزەو دیاریکردنی سنورە دەریاییەکان نەخشەی هەژمون دوبارە دەکێشنەوە، بەتایبەتی لەسایەی ململانێ لەسەر سامانی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست.
