شارپرێس:
ڕاپۆرتێکی ئێرانی هۆشداریی لە"بۆمبێکی تەوقیتکراو " لەسەر سنوری عێراق دەدات کە مەبەست لێی کەمپی "هۆل"ى ڕۆژئاواى كوردستانهو باس لەکاریگەرییە نەرێنییەکانی کەمپەکە لەسەر سەقامگیریی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش دەکات.
کەمپی هۆل لەباکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاواى كوردستان) کە خانەوادەی چەکدارانی داعشی لەعەرەبو بیانی تێدایە، هەمیشە وەک "بۆمبێکی تەوقیتکراو" ئاماژەی پێدەكرێت کە لەهەر ساتێکدا ئەگەری تەقینەوەی هەیە، بەتایبەتی لەگەڵ دۆخی نالەباری وڵاتەکە.
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی لهڕاپۆرتێکدا دهڵێت، "سەرەڕای ئەم ئاڵۆزییە، حکومەتی عێراق بەردەوامە لەگێڕانەوەی هەزاران هاوڵاتی خۆی لەم کەمپەوە بۆ عێراق، ئامانجیش لەم هەوڵەش قایلکردنی وڵاتانی دیکەیە بۆ ئەوەی هەمان ڕێگە بگرنەبەرو کەمپەکە هەڵبوەشێننەوە بەگەڕاندنەوەی پەنابەران بۆ وڵاتەکانیان".
لهوبارهیهوه ئەحمەد ئەنساری شیکەرەوەی سیاسی باسى لهوهكردوه، چارەسەری ئەو کێشەیە بەلێکۆڵینەوە لەبارودۆخو ڕەفتاری ئەو خێزانانە دەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێت دوبارە تێکەڵ بەکۆمەڵگە ببنەوە، ئەوکەسانەشی تاوانیان ئەنجامداوە دەبێت سزابدرێن، بەڵام ئەوانەی بێتاوانن دەتوانرێت بەپڕۆگرامی تایبەتو دوبارە ڕاهێنانەوە تێکەڵ بەکۆمەڵگە ببنەوەو لەبیروباوەڕی توندڕەوی ڕزگاربکرێن، بەتایبەتی منداڵان.
لەبەرامبەردا هەندێک لایەنی عێراقی هۆشداریدەدەن لەمەترسییەکانی ئەو دۆسیەیە، بەئاماژەدان بەئاڵنگارییە ئەمنی، لۆجستیو کۆمەڵایەتییەکان کە ڕێگرن لەجێبەجێکردنی تەواوی پلانی گەڕاندنەوە.
عەلی خەفاجی، توێژەر لەکاروباری ئەمنی پێیوایە، گێڕانەوەی ئەوکەسانە، بەتایبەتی لەم قۆناغەدا کە عێراق شەڕی بیری تیرۆریستی دەکات، مەترسییەکی گەورەیەو لەوانەیە ببێتە هۆی دۆخێکی نەرێنیو ئەمنیی ترسناک.
حکومەتی عێراقیش ڕایگهیاندوه، پابەندە بەپلانێکی ڕون بۆ گێڕانەوەی سەرجەم هاوڵاتییانی خۆی لەکەمپەکە تاساڵی 2027و بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەهەوڵەکانی بەردەوامە.
تائێستاش بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی وەزارەتی کۆچو کۆچبەرانی عێراق، نزیکەی 19 هەزار ژنو پیاوی بەساڵاچوو و گەنجو منداڵی گەڕاندوەتەوە وڵاتەکە.
عەلی عەباس وتەبێژی وەزارەتى كۆچو كۆچبهرانى عێراق وتویهتى، "لەساڵی 2021وەو دوای بڕیاری حکومەت بۆ گواستنەوەی خێزانەکان لەکەمپی هۆل، وەزارەتەکە بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانو دامەزراوە حکومیو ئەمنییەکان، بەتایبەتی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیو فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، دەستیکردوە بەکارەکانیو لەئەنجامدا، نزیکەی 19 هەزار کەس لەڕێگەی 29 گەشتەوە گواستراونەتەوە بۆ عێراق".
