شارپرێس:
زیاتر لەهەفەتەیەکە ئاسمانی بەغدا، بەشێوەیەکی بەرفراوان توشی تێکچونو پچڕانی سیگناڵەکانی سیستمی دیاریکردنی شوێنی جیهانی (GPS)بوە، دیاردەکە سنورە تەکنیکییەکانی تێپەڕاندوەو بوەتە کێشەیەکی سیاسیی، ئەمنییو ئابوریی ئاڵۆزو مشتومڕاوی.
لەکاتێکدا سەرچاوە ئەمنییەکان باس لەهەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا دەکەن بۆ پاراستنی شوێنە هەستیارەکان، گێڕانەوەی دیکە باس لەوەدەکەن، گرووپە چەکدارەکان لەپشت ئەوکارەوەن وەک کاردانەوەیەک بۆ هۆشدارییەکانی ئەمدواییەی واشنتۆن.
بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنی، گرفتەکە لەسەر دوو قۆناغ جێبەجێدەکرێت: پەکخستنی کاتی سیگناڵەکان لەناوچە دیاریکراوەکانو پاشان پەخشکردنی سیگناڵی چەواشەکار (Spoofing) کە شوێنی ئامێرەکان بەهەڵە لەناو پایتەختدا نیشاندەدات.
ئەمەش بوەتە هۆی شڵەژانێکی بەرفراوان لەسیستمی گەڕان، کۆمپانیاکانی گەیاندنو خزمەتگوزارییە لۆجستییەکان.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردوە، هەندێک لەئامێرەکانی پەخشکردن لەسەر باڵەخانە نیمچە حکومییەکان دامەزراون، کە ئاماژەیە بۆ بونی پاڵپشتی تەکنیکی فەرمی وەک بەشێک لەڕوبەڕوبونەوەیەکی ئەلیکترۆنی لەنێوانو شنتۆنو گروپە چەکدارەکان.
لەبەرامبەردا، سەرچاوەیەکی ئەمنیی دیکە جەختی لەوەکردوهتەوە، پڕۆسەکە بەتێگەیشتن لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە، کە ئامانج لێی پەکخستنی بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە لەهێرشە گریمانکراوەکان دژی باڵیۆزخانەو شوێنە حکومییەکانو مەودای پچڕاندنەکەش بەشێوەیەکی سەرەکی لەناوچەی سەوزدا چڕبوەتەوەو بەرەو باشور درێژدەبێتەوە.
شارەزا ئەمنییەکان جەخت لەسەر لایەنی ئەمنی دەکەنەوە، بەشێوەیەک سەیف ڕەعد شارەزا لەبواری ئەمنیی پێیوایە، ئامانج لەمکارە ڕێگریکردنە لەشوێنپێهەڵگرتنی جوڵە هەستیارەکان، بەڵام هاوکات هۆشداریدەدات لەکاریگەرییە نەرێنییەکان.
شارەزایانی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ئاماژە بەوەدەکەن، ئەم پچڕاندنە تێکەڵەیەکە لەدوو تەکنیکی سەربازیی، "جامینگ" (Jamming) کە سیگناڵە ڕەسەنەکان نوقمدەکاتو "سپوفینغ" (Spoofing) کە شوێنە جوگرافییەکان ساختە دەکات، کاتێک ئەم دوو تەکنیکە لەشارەکاندا جێبەجێدەکرێن، دەبنە هەڕەشەیەکی دوانە کە ژیانی هاوڵاتیانو ئابوری دەخاتە مەترسییەوە.
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی گەڕانو هاتوچۆ حاڵەتی هاوشێوەیان لەناوچەی کەنداوو دەریای عەرەب تۆمارکردوە، ئەمەش وادەکات بەغدا ببێتە بەشێک لەدیمەنێکی فراوانتری هەرێمی لە"شەڕەکانی سیگناڵ" لەنێوان هێزە کێبڕکێکارەکاندا.
توێژەران پێیانوایە، ئەوەی ڕودەدات گواستنەوەی ململانێی نێوان گروپە چەکدارەکانو واشنتۆن بۆ ناوچەی دیجیتاڵی نیشاندەدات، کە تێیدا کۆنترۆڵکردنی سیگناڵ بوەتە هێمایەکی نوێ بۆ کاریگەرییو هەژمون.
لەسۆنگەی نەبونی هەڵوێستێکی فەرمی ڕونو یەکلاکەرەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، دیمەنەکە بەنادیاری دەمێنێتەوە.
ئەم کێشەیە قەیرانێکی قوڵتر لەبڕیاردانی ئەمنی عێراقدا ئاشکرادەکات، کە لەنێوان دەوڵەتو هاوبەشە نافەرمییەکانیدا دابەشبوەو ڕەنگدانەوەی ململانێیەکی شاراوەیە لەسەرئەوەی کێ کۆنترۆڵی ئاسمانی بەغدا دەکات.
