شارپرێس:
ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤی عێراق سەبارەت بەلێدوانی باڵیۆزی ڕوسیا لەعێراق كەباس لەئامادەیی هەزاران سەبازی عێراق دەكات بۆ ئەوەی شانبەشانی ڕوسیەكان لەجەنگی ئۆكرانیا شەڕبكەن هاتەدەنگ و دەڵێت، ئەوە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و بازرگانیکردنە بەمرۆڤەوە.
ڕوانگەی مافەکانی مرۆڤی عێراق (IOHR)، ئەمڕۆ دوشەممە لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئێلبرۆس کۆتراشێف، باڵیۆزی ڕوسیا لەعێراق کە 17ـی ئەم مانگە لەچاوپێکەوتنێکدا، بەشێوەیەکی ئاشکراو نیگەرانیکەر بانگەشەیە بۆ بیرۆکەی ناونوسکردنی هاوڵاتییانی عێراق بۆ بەشداریکردن ل شەڕی ڕوسیا دژ بەئۆکرانیا دەكات.
هۆشداریش دەدات و دەڵێت، ئەوە پێشێلکردنێکی ئاشکرای سەروەریی عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە قەدەغەی ناونوسکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی دەکات لەململانێ چەکدارییەکاندا.
ڕوانگەكە، ئاماژەی بەوەشكردوە، ناتوانرێت وەک لێدوانێکی ئاسایی یان دەربڕینێکی تایبەتی سەیر بکرێت، بەڵکو وەک ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆ هەوڵە رێکخراوەکان، بەمەبەستی قۆستنەوەی هەژاری و بێکاریی گەنجانی عێراق و گۆڕینیان بۆ سوتەمەنیی جەنگێک لە دەرەوەی سنورەکانی وڵاتەکەیانە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، ئەو لێدوانانە ئامادەکارییەکی سیاسی و ئاساییکردنێکی مەترسیدارە بۆ بیرۆکەی بەکارهێنانی عێراقییەکان وەک ئامرازێکی سەربازی لەململانێکاندا کە پەیوەندییان پێوە نییە، ئەوەش دەگاتە سنوری بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە و ناکۆکە لەگەڵ پابەندبونە نێودەوڵەتییەکانی عێراق لەم بوارەدا.
مستەفا سەعدون، سەرۆکی روانگەی مافەکانی مرۆڤی عێراق رایگەیاند، "قۆستنەوەی دۆخی دژواری ژیان لەعێراق، کە تێیدا رێژەی هەژاری لەسەر ئاستی نیشتمانی 27% تێدەپەڕێنێت و لەهەندێک پارێزگای باشور دەگاتە زیاتر لە 40%، ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی قۆستنەوەی ئابوری و مرۆیی ناڕەوشتییە بۆ توێژێکی فراوان لەو گەنجانەی کە بەدوای هەلی کار و ژیانێکی شایستەدا دەگەڕێن".
وتیشی، "پێشکەشکردنی جەنگ وەک بژاردەیەکی جێگرەوەی کارکردن یان وەک ڕێگەیەک بۆ باشترکردنی داهات، خۆی لەخۆیدا تاوانێکی بازرگانیکردنە بەمرۆڤەوە لەچوارچێوەی ململانێ چەکدارییەکاندا، وەک لەپڕۆتۆکۆڵی زیادکراوی ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی تاوانی رێکخراوی نێودەوڵەتی (پڕۆتۆکۆڵی پالێرمۆ بۆ ساڵی 2000) هاتوە.
ڕوانگە هۆشداری دەدات لەوەی کە بەردەوامبونی بێدەنگیی فەرمی بەرامبەر بەم جۆرە لێدوانانە ڕەنگە وەک ڕەزامەندییەکی ناڕاستەوخۆ یان کەمتەرخەمی لێکبدرێتەوە، و پێشینەیەکی مەترسیدار دروست دەکات کە پێگەی نێودەوڵەتیی عێراق لاواز دەکات و دەیخاتە بەر تۆمەتی ئەوەی کە رێگە بە ناونوسکردنی هاوڵاتییانی خۆی دەدات بۆ سوپای بیانی.
دەشڵێت، "بازرگانیکردن بەمرۆڤەوە لە وێنە نوێیەکەیدا تەنها سنوردار نییە بە کاری زۆرەملێ یان قۆستنەوەی سێکسی، بەڵکو ناونوسکردنی هاوڵاتیانی سڤیلیش دەگرێتەوە لەشەڕەکاندا بۆ مەبەستی سیاسی یان ئابوری، و ئەوەی لە باڵیۆزی روسیاوە دەرچوە پێویستە وەک هۆشدارییەکی پێشوەختە سەیر بکرێت لە خلیسکانی عێراق بۆ ناو بازنەیەکی راکێشانەوەی نوێ کە کار لە سەروەریی و کەرامەتی هاوڵاتییانی دەکات".
