عێراق دۆسیەیەکی یاسایی بەبەهای 49 ملیۆن دۆلار بردەوە

عیراق

27/10/2025‌ 226 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەوەی لەلایەن كۆمپانیایەكی بیانیيەوە سكاڵایەكی یاسایی بە بەهای 49 ملیۆن دۆلار لەدژی عێراق تۆماركرا، عێراق توانی ئەو دۆسیەیە لەدادگای پاریس بباتەوە.

 
هەیسەم موحی ڕازی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لەوەزارەتەکە بە میدیای عێراقی ڕاگەیاند، کۆمپانیاکە لەساڵی 2000دا دوو گرێبەستی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا واژۆ کردبوو بۆ بەڕێوەبردنی کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی. بەڵام، بەهۆی بارودۆخی نائاسایی و ڕوداوەکانی دوای ساڵی 2003، جێبەجێکردنی ئەو گرێبەستانە وەستا.

ڕازی ئاشكراشیكرد، کۆمپانیاکە دواتر هەوڵی داوە پەنا بۆ ناوبژیوانی نێودەوڵەتی ببات بۆ داواکردنی قەرەبوێکی گەورە، بەڵام تیمی وەزارەتی داد توانیویەتی هەموو بەڵگەکانی کۆمپانیاکە پوچەڵ بکاتەوە.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی وەزارەتەكە جەختی لەوە کردەوە کە فەرمانگەکەیان هەوڵێکی زۆری داوە لەبەدواداچوونی ئەم دۆسیەیە، کە لە ساڵی 2023دا سەریهەڵداوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان تا دەرچونی بڕیاری کۆتایی بە قازانجی عێراق.

دۆسیەکە لەلایەن کۆمپانیای سەقری کەنداوەوە کرابوەوە، کە داوای 49 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەک قەرەبوو لەحکومەتی عێراق دەکرد.