شارپرێس:
پەیمانگای عێراقی بۆ دیالۆگ ڕاپۆرتێکی شیکاریی بڵاوکردەوە کە تێیدا چەمکی "دیپلۆماسیەتی ئاو" وەک ئامرازێکی ستراتیژی خراوەتەڕوو، کە تەنها لەوتووێژکردن لەسەر سەرچاوەکان سنوردار نابێتو دەگۆڕێت بۆ بنەمایەک بۆ هاوکاری بەردەوامی هەرێمایەتی.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئێران کەوتوەتە ناوەڕاستی قەیرانێکی ئاویی جیۆپۆلەتیکییەوە کە پێویستی بەهەنگاوی دیپلۆماسیی بەرفراوان هەیە.
ڕاپۆرتەکە ڕونیکردوهتەوە، قەیرانی ئاو لەئێراندا چیتر کێشەیەکی ناوخۆیی نییە، بەڵکو بوهتە بەشێک لەتۆڕێکی گوشار کە لەلایەن وڵاتانی سەرچاوەوە دەکرێت.
وەک نوێترین نمونە، سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی بەستبوهوە بەبەردانەوەی یەک ملیار مەتر سێجا ئاو لەبەنداوەکانی تورکیاوە بۆ عێراق لەماوەی 50 ڕۆژدا، ئەمەش هەنگاوێکە کە بەکارهێنانی ئاو لەلایەن ئەنكەرەوە وەک کارتێکی کاریگەریی هەرێمایەتی نیشاندەدات.
پەیمانگاکە ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا ماوەی چەندین ساڵە پڕۆژە گەورەکانی بەنداو لەچوارچێوەی پڕۆژەی "گاپ" لەسەر ڕوبارەکانی دیجلەو فورات بەکاردەهێنێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاوی بەرەو عێراقو سوریا، کە بوەتە هۆی وشکبونی ڕوبەرێکی زۆر لەزەویو تێکچونی زەوییە کشتوکاڵییەکانو بەرزبونەوەی ڕێژەی تۆزو خۆڵبارین.
کاریگەریی ئەم سیاسەتە، بهگوێرهى ڕاپۆرتەکە، بۆ ئێران-یش درێژدەبێتەوە، چونکە دروستکردنی بەنداوەکانی وەک "کاراکورت"و "توزلوجا"و "سویلمز" لەسەر ڕوباری ئاراس بەتوانای گلدانەوەی زیاتر لە 1.6 ملیار مەتر سێجا، کەمبونەوەی ئاوی بەرەو ناوچە سنورییەکانی ئێرانى لێکەوتوەتەوە، کە بوەتە هۆی قەیرانێکی ژینگەییو مرۆیی.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشیخستەڕوو، ئەنكەرە "تیرۆری ئاو" پیادە دەکات لەڕێگەی گۆڕینی ئاو بۆ ئامرازێکی گوشاری سیاسییو ئابوریی، لەکاتێکدا ئەفغانستانیش لەڕۆژهەڵات هەمان ڕێباز دەگرێتەبەر، بەشێوەیەک دروستکردنی چەندین بەنداو لەسەر ڕوباری هیرمەند، سەرەڕای ڕێککەوتننامەی ساڵی 1972 کە کابول ناچار دەکات ساڵانە 820 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ ئێران دابینبکات، بوهتە هۆی قوڵبونەوەی وشکەساڵی لەسیستانو بەلوچستانو گۆڕانی گۆلی هامون بۆ بیابان، کە قەیرانی ژینگەییو تەندروستیی لێکەوتوهتەوە.
پەیمانگهکە ڕونیکردوهتەوە، جیاوازی نێوان تورکیاو ئەفغانستان لەوەدایە کە یەکەمیان پشت بەتواناکانی خۆی دەبەستێت، لەکاتێکدا دوەمیان سود لەپشتیوانی ئەندازیاری وڵاتانی وەک هیندستانو چین وەردەگرێت، بەڵام ئەنجامەکە یەکە: سیاسییەتکردنی ئاوو بێبەشکردنی ئێران لەپشکی سروشتی خۆی.
لەکۆتاییدا، ڕاپۆرتەکە جەختی لەوەکردوهتەوە، ڕوبەڕوبونەوەی ئەم ئاستەنگانە پێویستی بەوە هەیە ئێران "دیپلۆماسیەتی ئاوی فرە ئاست" چالاک بکات کە لەسەر بنەمای یاسای نێودەوڵەتی بێت، لەڕێگەی دروستکردنی هاوپەیمانی لەگەڵ وڵاتانی خواروی ڕوبارەکە وەک عێراق، سوریا، ئەرمینیاو ئازەربایجانو دامەزراندنی لیژنەی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی ڕوبارەکان.
هەروەها داوایکردوە کە ئێران ئەندامێتی خۆی لەڕێکخراوە هەرێمایەتییەکان وەک ڕێکخراوی شانگهایو بریکسو ڕێکخراوی هاوکاری ئابوریی (ECO) بەکاربهێنێت بۆ دڵنیابون لەخستنە ناوەوەی قەیرانی ئاو لەئەولەویەتەکانی کارنامەی هەرێمایەتی.
جەختی لەوەشکردوهتەوە، تەنها دەقە یاساییەکان بەس نین بەبێ پشتیوانی سیاسیو دیپلۆماسی کاریگەر.
