شارپرێس:
پێگەی "زە نیو ڕیجن"ی ئەمریکی
ئاشکرای کردووە کە عێراق بە نهێنیی نێوەندگیریى دەکات بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان
لە نێوان ئێران و حکومەتی کاتیی سووریا، کە پاش ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد،
پچڕاون.
پێگەکە لە زارى بەرپرسانی عێراقەوە گواستوویەتییەوە
کە بەغدا کار بۆ چاککردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و دیمەشق و تێپەڕاندنی دۆخی
"ساردی ستراتیژی" لە نێوانیاندا دەکات، بە سوود وەرگرتن لە پێگەی جوگرافی
خۆی و پەیوەندییە پتەوەکانی لەگەڵ ئێران.
سەرچاوە سیاسییەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە
شاندێکی عێراقی کە بەرپرسانی هەواڵگری و دەرەوەیان تێدابووە، بە نهێنی سەردانی دیمەشقیان
کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سووریا کۆبوونەتەوە، بۆ تاوتوێکردنی کردنەوەی کەناڵەکانی
پەیوەندی نوێ لەگەڵ تاران.
بەپێی پێگەکە، ئێران داوای لە عێراق کردووە ڕۆڵی
نێوەندگیر ببینێت بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و گەرەنتی کردنی بەرژەوەندییە
ئابووری و سەربازییەکانی، لە کاتێکدا بەغدا پێشنیازی هاوکاریی ئابووری و ئەمنی قۆناغ
بە قۆناغ دەکات لە بەرامبەر کەمکردنەوەی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئێران لە سووریا.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی