یەکەم ئەفسەری ئێزدی دەچێتە ڕیزی سوپای ئەمریکاوە

کوردستان

9 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1812 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەدەستکەوتێکی مێژویی‌و بێوێنەدا، گەنجێکی كوردى ئێزدی بەناوی تەحسین سمۆ، لەشێخەکانی ئامادین لەقەزای شنگال، توانیی بچێتە ڕیزی سوپای ئەمریکاوە، ئەم سەرکەوتنە پاش دەرچونی بوو لەکۆلێژی ئەرکانی سەر بەحکومەتی ئەمریکا بەپلەی مولازم کە ئێستا وەک پلەی مولازمی یەکەم  درێژە بەکارەکەی دەدات.


ئەم ڕوداوە وەک سەرچاوەی شانازیی‌و سەربەرزییەکی گەورە بۆ کۆمەڵگەی ئێزدی دادەنرێت، چونکە وێنەیەکی گەشاوەی کوڕانی ئەم پێکهاتە ڕەسەنە پیشاندەدات، کە لێهاتویی‌و درەوشاوەیی خۆیان لەبوارەکانی خوێندن‌و خزمەتی گشتیی لەناو ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو وڵاتانی پێشکەوتودا دەسەلمێنن.

ئەم دەستکەوتە نوێیە دەچێتە سەر زنجیرەی سەرکەوتنەکانی دیکەی ئێزدییەکان لەجیهاندا، کە جەخت لەسەر سوربونی هەمیشەییان دەکەنەوە بۆ بەشداریکردنی کاریگەر لەو کۆمەڵگایانەی تێیدا دەژین، هەروەک نوێنەرایەتی بەهاکانی ئاشتی، لێبوردەیی‌و پێکەوەژیان دەکەن کە بنەمای ئایینی ئێزدی پێکدەهێنن.

ئەفسەر تەحسین سمۆ لەئێستادا درێژە بەخوێندنی ئەکادیمیی دەدات لەقۆناغی ماستەر لەبوارەکانی ستراتیژیی‌و هەواڵگریی سەربازیی لەیەکێک لەزانکۆ ئەمریکییەکانی ویلایەتی مێریلاند.

ئەو هەنگاوە ڕەنگدانەوەی ئارەزوی بەرزو پەرۆشیی ئەو گەنجە ئێزدییەیە بۆ پەرەپێدانی زانیاریی‌و ئەزمونەکانی لەپێناو خزمەتکردنی مرۆڤایەتیی.