یەکەم کۆمپانیای ئەمریکی خۆى گه‌یانده‌ ڕۆژئاواى كوردستان

کوردستان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1551 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای دوو مانگ کارکردنی بەردەوام، دامەزراندنی ئۆفیسی WordsWarriors لەقامیشلۆ تەواوكرا کە خاوەنەکەی (مایڵز کاگینز)ى وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)ه‌، سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌ڕۆژئاواى كوردستان ده‌ڵێت، "جگه‌ له‌كنه‌و پشكنینى نه‌وت، كۆمپانیا ئه‌مریكیه‌كه‌ له‌بوارى بیناسازیشدا كارده‌كات".



به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیاریانه‌ى به‌شارپرێس دراون، یه‌كه‌م كۆمپانیاى ئه‌مریكى، له‌ڕۆژئاواى كوردستان ده‌ستى به‌كاركردن كردوه‌ كه‌ خاوه‌نه‌كه‌ى مایڵز کاگینز وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور)ه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، "باره‌گاى سه‌ره‌كى كۆمپانیا ئه‌مریكیه‌كه‌ له‌شارى قامیشلۆى ڕۆژئاواى كوردستانه‌و له‌هه‌ردوو بوارى كنه‌و پشكنینى نه‌وت‌و هاوكات بیناسازیشدا كارده‌كات".



لاى خۆیشیه‌وه‌ مایڵز کاگینز ئاشكرایكردوه‌، کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری بەناوی وۆردز وەریەرز Words Warriorsدامەزراندوەو لقێكى سه‌ره‌كى لەشاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان کردوەتەوە.


 
وه‌كو کاگینز وتویه‌تى، "ڕاوێژ دەده‌ینه‌ کۆمپانیا ئەمریکی‌و ئەوروپییەکانی بواری نەوت‌و گاز بۆئەوەی لەڕۆژئاوای کوردستان‌و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە، دەستبەکاربکەن، کۆمپانیاکەم کارئاسانی دەکات بۆ تێگەیشتن لەناوچەکەو وەرگرتنی مۆڵەتی بازرگانی لەبەرپرسان".

کاگینز باسى له‌وه‌شكردوه‌، "بۆ سەرکەوتنی کارەکانمان، پێویستە کۆمپانیاکان پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرو حکومەتی سوریا لەدیمەشق هەبێت، ئێمه‌ش له‌وۆردز وەریەرز، بەهۆی پەیوەندییە بەهێزەکانمان لەگەڵ سەرکردەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، به‌دڵنیاییه‌وه‌ دەتوانین ئەو پەیوەندییانە دروستبكه‌ین".



زیاتر له‌باره‌ى كاره‌كانیان له‌ڕۆژئاواى كوردستان مایڵز کاگینز جه‌ختیكرده‌وه‌، "کۆمپانیاکەم جگه‌ له‌هه‌سه‌ده‌، لەگەڵ دەستەی ئەندازیارانی سوپای ئەمریکاش کاردەکات‌و پڕۆژەی بیناسازیی بچوکیش لەبنکەکانی سوپای ئەمریکاو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەسوریا ئەنجامده‌دات".
 
سەبارەت بەهەلی کار، کاگینز ئاماژه‌ى به‌وه‌داوه‌، "ئامانجمان دامەزراندنی خەڵکی ناوچەکەیەو لانیکەم 90٪ی کارەکان لەلایەن خەڵکی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە ئەنجامدەدرێن‌و کۆمپانیاکەم تەنها ژمارەیەکی کەم لەڕاوێژکارو ئەندازیاری ئەمریکی دەبات کە خاوەن بڕوانامەو ئەزمونی پێویستن بۆ سەرپەرشتیکردنی پڕۆژەکان".


 
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده‌) پارێزگای حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستان‌و بەشێک لەپارێزگاکانی ڕەققەو دێرەزورو حەلەبی-شى لەژێر دەستدایە، ئه‌و ناوچانه‌ش نزیکەی 70%ی کێڵگەکانی نەوت‌و گازی سوریای تێدایەو کێڵگە سەرەکییەکان بریتین لەکێڵگەی نەوتیی عومەر لەدێرەزور، کێڵگەی نەوتیی ڕمێلان‌و کێڵگەی سوەیدیە لەحەسەکە.

بەپەلە