شارپرێس:
ساڵانێکە دیاردەی ڕۆچونی زەوی لەژمارەیەکی زۆری پارێزگاکانی ئێران دەرکەوتوەو ئێستا بوە بەیەکێک لەقەیرانە جددییەکانی ژینگەی پارێزگای سنە، شارهزایانی ژینگهش دهڵێن، "نیشانەی دەرکەوتنی قەیرانێکی گەورە دهركهوتوه".
ئاژانسی هەواڵی 'ئیلنا' لەڕاپۆرتێکدا، بڵاویکردوەتەوە، "دەرکەوتنی درزی باریک لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانی دێگوڵانو قوروە، ئێستا بونەتە نیشانەی دەرکەوتنی قەیرانێکی گەورە، قەیرانێک، کە لەسەرخۆو ئارام، هەڕەشە لەداهاتوی پارێزگای سنەو بژێوی هەزاران جوتیار دەکات".
بەشێکی زۆری زەوییە بەپیتەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگای سنە، بەئاوی ژێرزەوی ئاودێریی دەکرێن؛ بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، ڕۆچونی زەوی لەو ناوچانەدا، لەئەنجامی کەمبونەوەی لەڕادەبەدەری ئاوی ژێرزەوییە.
وێنەو داتا ڕادارییەکان ئەوە نیشاندەدەن، کە دەشتی دێگوڵان لە 10 ساڵی ڕابردودا لەنێوان 12 تا 32 سەنتیمەتر ڕۆچوە؛ واتە ساڵانە بەئەندازەی شەش سانتیمەتر، هەرچەند ئەم ڕۆچونە لەلایەن خەڵکی ئاساییەوە هەستی پێنەکراوە، بەڵام دیاردەی درزبردنی دیوارو داتەپینی ڕێگەوبانەکان، ئێستا نیشانەیەکی ئاشکرای ڕۆچونی زەوین.
بەهزاد شەریفی پور بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەکانو ئاودێریی پارێزگای سنە بەئاژانسهكهى وتوه، "دیاردەی ڕۆچونی زەوی لەپارێزگای سنە گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار؛ بەتایبەت لەدەشتەکانی ڕۆژهەڵاتو ئەو ناوچانەی بۆ ئاودێریی پشت بەئاوی ژێرزەوی دەبەستن، ئەگەر پێشگیریی لەم دیاردەیە نەکرێت، لەداهاتودا زیانی گەورەی ئابوری، ژینگەییو ژێرخانیی بەرچاوی لێدەکەوێتەوە".
شەریفی پور، ئهوهشى وتوه، "بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، دەشتی دێگوڵان لەنێوان ساڵانی 2014و 2021 بەئەندازەی 12 تا 32 سانتیمەتر ڕۆچوە".
بەڕێوەبەری سەرچاوە سروشتییەکانو ئاودێریی پاریزگای سنە لەدرێژەی قسەکانیدا وتی، "لەهەندێک لەدەشتەکانی ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکە، دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی تا 36 مەتر تۆمارکراوە، ئەم ڕادەیە، مەترسیی ڕۆچونی باڵەخانەکان، هێڵەکانی گواستنەوەی ئاو، تۆڕی ئاوەڕۆو ڕێگاوبانەکانى زیاتر کردوە".
شەریفی پور، وتوشیهتى، "ئەگەر بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاوو شێوازی ئاودێریی، چاکسازیی تێدانەکرێت، پارێزگای سنە لەداهاتویەکی نزیکدا ڕوبەڕوی قەیرانێکی بەرفراوانی ژێرخانیو ژینگەیی دەبێتەوە".
