پێشمەرگەیەکى کۆماندۆ گیانى لەدەستدا.. باندێکى قاچاخچی شوێنەوار ڕووبەڕووى کۆماندۆ بوونەوە

کوردستان

25/04/2024‌ 776 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس

فەرماندەیی هێزەکانى کۆماندۆى کوردستان گیان لەدەستدانى پێشمەرگەیەکى کۆماندۆى ڕاگەیاند، کە لەکاتى ڕووبەڕووبونەوەى هێزەکانى کۆماندۆ و چەند قاچاخچیەکى شوێنەران لە گەرمیان گیانى لەدەستداوە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا، فەرماندەیی هێزەکانى کۆماندۆى کوردستان بڵاویکردەوە، دوای بەدەستهێنانی زانیاری ووردی هەواڵگری، لە سەر باندێكی قاچاخچێتی چەك و شوێنەوار لە گەرمیان، درەنگانی شەوی  ڕابردوو  25ی نیسانی 2024 تیمێكی هێزەكانمان لە ناوچەی ساڵح ئاغا - ناحییەی قۆرەتوو، لە سەعات  12:38 خولەك بۆسەیەكیان بۆ ئەو باندە دانا، كە بەنیازبوون ژمارەیەك چەك و پارچە شوێنەوار ڕەوانەی دەرەوەی هەرێم بكەن.

وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەكاتی تێپەڕینی ئۆتۆمبێلەكانیان ڕووبەڕووبونەوە لە نێوان هێزەكەمان و ئەو تۆمەتبارانە ڕوویدا و پێشمەرگەیەکى كۆماندۆ بەناوی ئەیوب محەممەد عەلی شەهید بو.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەو ڕووبەڕووبونەوەیەدا دەستیان  بەسەر چەند پارچە شوێنەوار و دوو ئۆتۆمبێل و ئەو چەكانەشدا گرت، كە باندەكە بەنیازبوون ڕەوانەی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی بكەن، هاوكات یەكێك لە تۆمەتباران لە ڕووبەڕووبونەوەكەدا كوژرا و یەكێكی دیكەیان دەستگیركرا و تۆمەتبارێكی دیكەش هەڵهات.