شارپرێس:
گۆڤاری فۆرن پۆلسی لەڕاپۆرتێکی شیکاریدا لێکۆڵینەوەی لەکاریگەرییەکانی دانوستانە ئەتۆمییە بەردەوامەکانی نێوان ئەمریکاو ئێران کردوەو ئاماژەی بەوەداوه، شکستی ئەم دانوستانانە دەکرێت ببێتە هۆی پێکدادانی سەربازیی، لەهەمانکاتیشدا هۆشدارییداوە لەکەم سەیرکردنی تواناکانی ئێران.
ڕاپۆرتەکە جەختیکردوهتەوە، تاران سەرەڕای کەمبونەوەی هەژمونی ناوچەیی، هێشتا هێزێکە کە پەراوێزخستنی ئەستەمە، بەوپێیەی هەرچەندە بزوتنەوەی حەماس، سەرەڕای ئەو لێدانانەی بەریکەوتون، شکستینەهێناوە، حزبوڵڵا هێزی خۆی پاراستوە، ئێرانیش لەڕێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەعێراقو حوسییەکان لەیەمەن، هەژمونی خۆی دەپارێزێت.
سەبارەت بەئیسرائیلیش پێیوایە، سەرەڕای سەرکەوتنە سەربازییەکانی، دەستکەوتی ستراتیژی درێژخایەنی بەدەستنەهێناوە.
لەڕاپۆرتەکەدا هۆشداریدراوە لەبەرامبەر بانگەوازی توندڕەوەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، یان لەڕێگەی ڕێککەوتنێکی هاوشێوەی مۆدێلی لیبیا یان لەڕێگەی هێرشە سەربازییە سنوردارەکانەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوه، ئێران کە گەیشتوهتە 60%ی پیتاندنی یۆرانیۆم، سیناریۆی لیبیا قبوڵناکات بەهۆی ئەو مەترسیانەی کە لەسەر بونی ڕژێمەکە دروستدەبێت، جگەلەوەش، هەر هێرشێکی سەربازیی سنوردار، بێ گۆڕینی ڕژێم یان لەشکرکێشییەکی تەواو، هەردوکیان گریمانکراونین، تەنها بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دوادەخاتو دەتوانێت ببێتە کارەساتی ژینگەیی بەهۆی تیشکدانەوە ئەتۆمییەکانو قوربانیی مرۆڤ، تەنانەت دەکرێت ببێتە هۆی کشانەوەی ئێران لەپەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمییو دەرکردنی پشکنەرە نێودەوڵەتییەکانو خێراکردنی پەرەپێدانی بۆمبی ئەتۆمی.
لەڕاپۆرتەکەدا لەزاری موحسین میلانی شرۆڤەکاری ئێرانییەوە ئاماژەی بەوەکردوە، "بەرەی مقاوەمە" تەنها بەشێک لەسیستەمی ڕەدعی ئێران پێکدەهێنێتو هێزی ڕاستەقینەی ئێران لەجبەخانەی موشەکو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانو ژێرخانی سەربازیی ئاڵۆزو هێزە سەربازییەکانیدادایە کە لەشەڕی ئاساییو ناهاوسەنگدا ئەزمونیان کردوە.
ڕاپۆرتەکە پرسیاری لەکاردانەوە گریمانکراوەکان کردوە ئەگەر ئێرانو هاوپەیمانەکانی لە"بەرەی مقاوەمە" بڕیاربدەن بنکەکانی ئەمریکا یان شارەکانی ئیسرائیل بەئامانج بگرن، یان گەروی هورمزو بابولمەندەب لەیەککاتدا پەکبخەن، ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوتو پەکخستنی بازاڕەکانو ئاستەنگدروستکردن بۆ بوژانەوەی ئابوریی جیهانی.
گۆڤارەکە لەکۆتاییدا گەیشتوهتە ئەو ئەنجامەی کە ڕۆژئاوا هەڵە دەکات ئەگەر پێیوابێ هەڵکشانی سەربازیی دەتوانێت ئێران ملکەچ بکاتو جەختی لەوەکردەوە، کەمترین تێچونو سەلامەتترین بژاردە گەیشتنە بەڕێککەوتنێکی ئەتۆمی هاوسەنگ لەسەر بنەمای سازشی هاوبەشو پڕۆسەکانی پشکنینو سوککردنی سزاکان.
