شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی پێکدادانێکی گەورەبوو لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ژەنەڕاڵێکی پاکستانی کە ئێستا نازناوی (مارشاڵى مهیدانى یان بهرهى جهنگ)ی هەڵگرتوە، هاوکێشەکانی گۆڕیی، عاسم مونیر، پیاوە بەهێزەکەی پاکستان، تەنها وەک فەرماندەی سوپا نەمایەوە، بەڵکو بوەتە ئەندازیاری نوێی دیپلۆماسی لەناوچەکەدا.
کودەتایەکی سپی لەدەستوردا
لەم مانگانەی دواییدا، پاکستان گۆڕانکارییەکی مێژویی بەخۆوە بینی، بەپەسەندکردنی (هەموارکردنی 27می دەستور)، عاسم مونیر دەسەڵاتێکی بێوێنەی پێدرا، ئەو ئێستا وەک سەرۆکی هێزەکانی بەرگریی نەک تەنها سوپا، بەڵکو کۆنترۆڵی تەواوی هێزی ئاسمانی، دەریاییو تەنانەت چەکە ئەتۆمییەکانی وڵاتەکەشی لەدەستە.
ئەم یاسا نوێیانە پارێزبەندییەکی هەمیشەییان پێبەخشیوە کە وای لێدەکات لەسەروی هەموو لێپرسینەوەیەکی یاسایی بێت، ئەمەش وەک سەردەمی سەقامگیریی سەربازیی لەپاکستان ناوزەند دەکرێت.
دیپلۆماسی لەسەر هێڵی ئاگر
ئەو پرسیارەی هەموو ناوەندە سیاسییەکانی جیهانی سەرقاڵکردوە ئەوەیە: ئاخۆ بۆچی عاسم مونیر؟، وەڵامەکە لەپەیوەندییە تایبەتەکاندایە، مونیر توانیویەتی متمانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا بەدەستبهێنێت کە بە(مارشاڵە مهیدانیه دڵخوازەکەم) ناوی دەبات، لەلایەکی دیكهشهوه، بەهۆی پێگەی پاکستان وەک دراوسێیەکی گرنگی ئێران، تاران وەک ناوبژیوانێکی ڕاستگۆو بەهێز سەیری دەکات.
لەسەردانە مێژوییەکەیدا بۆ تاران لەم مانگهدا، مونیر پەیامێکی ڕونی پێبوو وتى، "کۆتاییهێنان بەشەڕ لەبەرژەوەندیی ئابوریی هەموانە"، ئەو نەک تەنها وەک سەرباز، بەڵکو وەک بازرگانێکی سیاسیی دەردەکەوێت کە دەیەوێت پاکستان لەقەیرانی دارایی ڕزگاربکات لەڕێگەی هێورکردنەوەی ناوچەکە.
باوەڕی سیاسیی.. ئامانج چییە؟
چاودێران پێیانوایە ئەم هەنگاوە تەنها بۆ ناوبژیوانی نییە، بەڵکو ستراتیژییەکی قووڵە بۆ سەلماندنی هێز، نیشاندانی پاکستان وەک هێزێکی ناوەندیی کە بێ ئەو، هیچ کێشەیەک لەناوچەکەدا چارەسەرنابێت، بوژانەوەی ئابوریی، بهواتاى ڕاکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ ناوخۆی پاکستان لەڕێگەی ئەو سەقامگیرییەی کە خۆی سەرپەرشتیدەکات.
چاودێران دهڵێن، ئەمڕۆ عاسم مونیر تەنها فەرماندەی سوپا نییە؛ ئەو بوەتە ئەو پردە کاتییەی کە واشنتۆنو تاران بەیەکەوە دەبەستێتەوە، جیهان ئێستا بەوردیی چاودێریی ئیسلام ئاباد دەکاتو پرسیارى ئهوهشیان ههیه، ئایا مارشاڵى مهیدانىو بهرهى جهنگى پاكستان، دەتوانێت ڕێگریی لەجەنگێکی گەورە بکات؟.
عاسم مونیر یەکەم فەرماندەی سەربازیی پاکستانە لەمێژوی نوێی ئەو وڵاتەدا کە پلەی مارشاڵى مهیدانىو بهرهى جهنگى پێبەخشراوە، ئەمە بەرزترین پلەی سەربازییە (پێنج ئەستێرە)و لەمێژوی پاکستاندا تەنها یەک کەسی دیكه (ئەیوب خان) ئەو پلەیەی هەبوه.
سهبارهت بهوهش بۆچی ئهو پۆستهى پێدراوه، زانیارییهكان ئاماژهى بهوهدهكهن، لە 20ی ئایاری 2025، حکومەتی پاکستان ئەم پلەیەی پێبەخشی وەک پاداشتێک بۆ ئەوەی ناویان نا سەرکردایەتییەکی بلیمەتانە لەکاتی شەڕێکی کورتخایەن لەگەڵ هیندستان، ئەم پلەیە تەنها شەرەفی نییە، بەڵکو بهگوێرهى یاسا نوێیەکانی 2025 (هەمواری 27ی دەستور)، مونیر پارێزبەندی هەمیشەیی هەیە لەهەر دادگاییکردنێکو بۆ هەموو تەمەنی وەک سەربازێکی کارا دەمێنێتەوەو خانەنشین نابێت.
بەهۆی ئەم پلەیەى ههیهتى، ئەو ئێستا بەهێزترین پیاوی وڵاتەکەیەو نازناوی (فیڵد مارشاڵی دڵخواز)ی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پێدراوە کە یارمەتیدەری بوە ببێتە ناوبژیوان لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا، بەکورتی، "فیڵد مارشاڵ" بونەکەی وای لێکردوە، ببێتە کەسایەتییەک کە لەسەروی یاساو حکومەتە مەدەنییەکانی پاکستانەوە بێت.
لەدایکبونو سەرەتاکانی ژیانى مونیر
لەساڵی 1968 لەشاری ڕاوڵپیندی لەپاکستان لەدایکبوە، لەخێزانێکی ئایینپەروەرو مامناوەند گەورە بوە، باوکی ناوى سەید سەروەر مونیره كه بەڕێوەبەری قوتابخانەو پێشنوێژو وتارخوێنی مزگەوت بوە، مونیر قورئانی پیرۆزی لەبەرکردوە، بۆیە نازناوی (حافیزولقورئان)ی پێدراوە، کە ئەمەش یەکەمجارە فەرماندەیەکی سوپای پاکستان ئەو نازناوەی هەبێت.
خوێندنی سەرەتایی لەڕاوڵپیندی تەواوکردوەو دواتر چوەتە قوتابخانەی مەشقو ڕاهێنانی ئەفسەران لەمانگلا، لەبەر لێهاتویی، خەڵاتی (شمشێری شانازیی) وەک باشترین قوتابی پێدراوە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لەسیاسەتی گشتییو بەڕێوەبردنی ئاسایشی ستراتیژیی لەزانکۆی بەرگریی نیشتمانی لەئیسلام ئاباد، خولی سەربازیی لەژاپۆنو مالیزیاو قوتابخانەی فەرماندەیی لەکویتە تەواوکردوە.
لەساڵی 1986 لەفەوجی (Frontier Force Regiment) وەک ئەفسەر دەستبەکاربوە، تەنها فەرماندەیە لەمێژودا کە سەرۆکایەتی هەردوو دەزگای هەواڵگریی گرنگی وڵاتەکەی کردبێت، سەرۆکی هەواڵگری سەربازی (MI) لەساڵی 2017و سەرۆکی هەواڵگری نێوان خزمەتگوزارییەکان (ISI) لەساڵی 2018 (کە تەنها ههشت مانگ بەردەوامبوو بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ عیمران خان)، لە 29ی تشرینی دوەمی 2022، بوە 17یەمین فەرماندەی گشتیی سوپای پاکستان.
پلەی فیڵد مارشاڵ (مارشاڵى مهیدانىو یان بهرهى جهنگ) لەئایاری 2025، دوای ململانێیەکی سەربازیی لەگەڵ هیندستان، بەرزکرایەوە بۆ پلەی فیڵد مارشاڵ (بەرزترین پلەی پێنج ئەستێرە)، ئێستاش له2026دا، وەک کارەکتەری سەرەکی لەدیپلۆماسیی جیهانیدا دەرکەوتوهو ناوبژیوانییەکی گرنگی لەنێوان ئەمریکاو ئێراندا دەستپێکردوه.
ئێستا عاسم مونیر بەهێزترین پیاوی پاکستانەو دەسەڵاتەکانی بهگوێرهى یاسا نوێیەکان، لەسەروی هەموو دامەزراوە سهربازیىو مەدەنییەکانی وڵاتهكهیهوهیهتى.
