شارپرێس:
فەرماندەی بارەگای بەرگریی ئاسمانیی ئێران، عەمید عەلی ڕەزا ئیلهامی، لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنییدا بە بۆنەی ڕۆژی سوپای ئێران، وردەکاریی سەرکەوتنەکانی تۆڕی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانیی ئێرانی لە کاتی شەڕی 40 رۆژە دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل ئاشکرا کرد.
نئیلهامی ڕایگەیاندووە کە هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی ئێران توانیویانە زیاتر لە 170 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی پێشکەوتووی دوژمن بخەنە خوارەوە کە لە جۆرەکانی ئەمریکی و ئیسرائیلی بوون.
جەختیشی کردۆتەوە کە ئەو فڕۆکانە تەنها ئامێری سادە نەبوون، بەڵکو بە سیستەمی خۆپاراستن، چەک و ئامێری سیخوڕیی ورد و تەکنەلۆژیای باڵا تەیار کرابوون، وەک فڕۆکەکانی هێرمیس 900، ئێم کیو 9 و هیرۆن.
ئەو فەرماندە باڵا سەربازییەی ئێران ئاماژەی بە پێکانی فڕۆکەیەکی سیخوڕی زۆر پێشکەوتووی ئەمریکی لە جۆری MQ4-TypeC کردووە کە لە بەرزاییەکی زۆر لە سەر کەنداوی فارسدا دەفڕی، کە ئەمریکییەکانیش ناچار بوون دوای چەند ڕۆژێک دانی پێدا بنێن.
جگە لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، فەرماندەکە جەختی لەوە کردۆتەوە کە بەرگریی ئاسمانیی ئێران توانیویەتی ژمارەیەکی بەرچاو لە فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکانیش وەک ئێف 35، ئێف 15، ئێف 16، ئێف 18 و ئەی 10 لەناو ببات.
لە وەڵامی ئەو بانگەشانەشدا کە گوایە هێزی بەرگریی ئاسمانی ئێران بەتەواوەتیی تێکشکێنراوە، ئیلهامی رایگەیاند کە ئەگەر وا بوایە، کێ ئەو هەموو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و جەنگییانەی دوژمنی خستووەتە خوارەوە؟.