شارپرێس:
ڕاوێژکاری فەرماندەی سوپای پاسداران لهپهیامێكدا ڕایدهگهیهنێت، "ترهمپی سەرکێش ناتوانێت لەمێزی دانوستاندا خەڵکی ئێران هەڵبخەڵەتێنێت"، دهشڵێت، "ئێمە دەتوانین لەدوکانێکی بچوکی ئاسنگەریشدا موشەکو درۆن دروستبکەین".
لەپەیامێکی توندو پڕ لههۆشداریدا، محەمەد ڕەزا نەقدی ڕاوێژکاری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسدارانی ئێران هێرشیکردەسەر سیاسەتەکانی ئەمریکاو ڕایگەیاند، "تاران بەهیچ جۆرێک لەبەردەم فشارەکاندا پاشەکشە ناکات، ئێران نەک هەر کۆڵنادات، بەڵکو بەردەوامدەبێت لەپەرەپێدانی تواناکانی لەبواری موشەکو درۆن ئهگهر لهدوكانێكى بچوكى ئاسنگهریشدا بێت".
نەقدی بەسوکایەتییەوە باس لەسەرۆکی ئەمریکا دەکاتو دەڵێت، "ترهمپێکی سەرکێشو بێ بیرکردنەوە، هەرگیز ناتوانێت بەفێڵو تەڵەکەبازییەکانی لەدانوستاندا، گەلی هۆشیاری ئێران هەڵبخەڵەتێنێت".
ئەم بەرپرسە سەربازییەی ئێران لەوەڵامی هەر ئەگەرێکی سەربازیدا، ئاماژەی بەوەکرد، کۆگای چەکەکانیان هەمیشە نوێدەکرێنەوە، ئهو وتی، "ئەگەر جەنگ دەستپێبکاتەوە، ئێمە بەو موشەکو درۆنانە وەڵامدەدەینەوە کە مێژوی دروستکردنیان بۆ مانگی داهاتوو دەگەڕێتەوە، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ خێرایی بەرهەمهێنانی چەک لەلایەن وڵاتەکەیەوە".
لەبارەی هێرشکردنەسەر سەکۆکانی هەڵدانی موشەکیش، نەقدی بەکەمبایەخەوە باسی لەهێرشەکانی ئەمریکا کردو وتی، "ئەوان دەڵێن سەکۆکانی هەڵدانی موشەکمان پێکاوە، بەڵام با بزانن ئێمە دەتوانین لەهەر ئاسنگەرییەکی بچوکدا باشترین سەکۆی هەڵدان دروستبکەین".
لەکۆتایی پەیامەکەیدا، ڕاوێژکارەکەی سوپای پاسداران هۆشدارییەکی توندیدایە نەیارەکانیو ڕایگەیاند، "ئێمە هێشتا چەندین کارتی براوەی گرنگمان لەژێر دەستە کە تائێستا نەمانخستوەتە ناو کایەی جەنگەکەوە".
