ئاگادارن جەنگى ئێران چى به‌سه‌ر نه‌مساو سویسراو بەریتانیادا هێناوه‌

جیهان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1316 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لێکەوتەکانی گرژیی‌و ئاڵۆزییە سەربازییەکانی پەیوەست بەئێران، تەنها لەسنورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا نەمایەوە، بەڵکو گورزێکی کەمەرشکێنی لەکەرتی گەشتیاریی وڵاتانی سویسرا، نەمساو بەریتانیا وەشاندوە، بەرپرسانی گەشتیاریی ئەو وڵاتانە ئاماژە بەوەدەکەن، بەهۆی تێکچونی هێڵە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان، ژمارەی گەشتیاران بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە.


ئەندرێ ئەشواندن وتەبێژی دەستەی گەشتیاریی سویسرا ئاشكرایكردوه‌، گەشتیارانی ئاسیا بەلێشاو حیجزەکانیان هەڵوەشاندوەتەوە، هۆکاری سەرەکیش بۆ پەککەوتنی ئەو گەشتە ئاسمانییانە دەگەڕێتەوە کە بەترانزێت بەناوچە هەستیارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێدەپەڕن، ئەم دۆخە لەکاتێکدایە کە ئێستا وەرزی زێڕینی گەشتیارانی کەنداو، هیندستان‌و باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیایە بۆ ئەوروپا.

له‌لایه‌كى دیكه‌شه‌وه‌ تۆماس وتریخ بەڕێوەبەری دەستەی گەشتیاریی زیورخ وتویه‌تى، "کاریگەرییەکان زۆر قووڵن؛ بازاڕەکان، هۆتێلەکان‌و تەنانەت وردەکاریی خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکانیش هەستیان بەم سستییە کردوە، چۆڵبونی شار لەگەشتیارانی نێودەوڵەتی، خەریكە زیانێکی گەورە بەژێرخانی ئابوریی شارەکە دەگەیەنێت".

ئەوەی زیاتر جێی نیگەرانییە تەنها مانگی ڕابردوو نییە، بەڵکو ئەو نادیاریەیە کە باڵی کێشاوە بەسەر وەرزی هاوین‌و پایزی داهاتودا، گەشتیاران بەهۆی ترسی جەنگ‌و ناسەقامگیریی گەشتە ئاسمانییەکان، دودڵن لەبڕینی بلیتی داهاتوو، ئەمەش کەرتی گەشتیاریی ئەوروپای خستوەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت‌و پڕۆسەی بوژانەوەی دوای قەیرانەکانی خاوکردوەتەوە.

بەپەلە