دیمه‌شق هۆشداریى به‌ڕۆژئاواى كوردستان ده‌دات

کوردستان

24 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 19274 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع له‌ڕێگه‌ى یه‌كێك له‌وه‌زیره‌كانیه‌وه‌ هۆشداریى به‌ڕۆژئاواى كوردستان ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "کۆبونەوەكه‌ى پاریس لەگەڵ هەسەدە بۆ دوپاتکردنەوەی پابەندبونە بەڕێککەوتنامەی 10ی ئادارى ئه‌مساڵ، هەسەدە دەرفەتێکی گەورەی لەبەردەستە"، ده‌شڵێت:"هیوادارین خۆیان لەسیناریۆیەکی بنبەست بەدوربگرن‌و پشت بەلێکدانەوەی هەڵە نەبەستن".


حەمزە مستەفا وەزیری ڕاگەیاندنی سوریا بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵوی فه‌رمى حكومه‌تى توركیا قسه‌یكردوه‌و وتویه‌تى:"تەوەری کۆبونەوەکانی شاندی دیمەشق لەگەڵ شاندی هەسەدە لەپاریس، جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکانی نێوانیان بوەو هەروەها پابەندی ڕێککەوتنی 10 ئاداربن‌و خۆیان لەسیناریۆیەکی بنبەست بەدوربگرن‌و پشت بەلێکدانەوەی هەڵە نەبەستن".

باسى له‌وه‌شكردوه‌، "ئەمریکا هەوڵ بۆ هەمان ئامانج دەدات‌و هەڵوێستی تورکیاش ئاشکرایە کە سوریا دەبێت یەكپارچە بێت‌و نابێت کورد کانتۆنی لەباشوری سنوری توركیادا هەبێت".

جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "ئێستا دەرفەتێکی گەورەی سیاسیی بۆ هەسەدە هەیە، ئەویش بریتییە لەوەی لەسەر بنەمای یەك وڵات‌و یەك حکومەت‌و یەك سوپا، بگات بەچەند ڕێککەوتنێك کە ڕۆڵێکی کاریگەری لەئاییندەی سوریادا هەبێت‌و ئەو سێ کۆڵەگەیەش سازشی بۆ ناکرێت".

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، ڕۆژى 29ى 7ى 2025، مەزڵوم عەبدی لەچاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، "لەگەڵ حکومەتی سوریا لەپەیوەندیی بەردەوامداین، هەسەدە لەگەڵ حکومەتی سوریایە بۆ ئەوەی بەیەکەوە سوپایەک دروستبکەن".

عەبدی لەبارەی دیدارەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع وتی، "دیدارێکی باشبوو، هیچ پێشنیازێکم پێنه‌دراوه‌ بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکایەتیی سوریا".

لە10ی ئاداری 2025، ئەحمەد شەرع‌و مەزڵوم عەبدی ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد بۆ یەکخستنی دامەزراوە مەدەنی‌و سەربازییەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەحکومەتی نوێی سوریا، لەوانەش دەروازە سنورییەکان، فڕۆکەخانە، کێڵگەکانی نەوت‌و گاز، هەروەها ڕێککەوتنەکە یەکپارچەیی خاکی سوریای دوپاتکردەوەو دابەشکردنیشی ڕەتکردەوە، لەوکاتەوە چەندین دانیشتن‌و دانوستاندن بەڕێوەچونه‌".