شارپرێس:
عارف حەمامی پەرلەمانتاری پێشوی عێراق ئاشکرایکرد، هێزەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەچەند کاتژمێری داهاتودا کۆبونەوەیەکی یەکلاکەرەوە ئەنجامدەدەن، دهشڵێت، "ئامانجی سەرەکی کۆبونەوەکە تاووتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی سیاسییە کە لەپێشەنگیاندا یەکلاکردنەوەی ناسنامەی کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەتی نوێیە".
حەمامی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا بۆ بەغداد ئهلیهوم ڕایگەیاند، "کۆبونەوەکە بەئامادەبونی زۆرینەی سەرکردەکانی ڕیزی یەکەمی چوارچێوە بەڕێوەدەچێت، تێیدا جەخت لەمافی گەورەترین فراکسیۆن دەکرێتەوە بۆ پێشکەشکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، کە مافێکی دەستوریی مسۆگەرکراوە بۆ ئەو لایەنەی زۆرترین کورسی پەرلەمانی هەیە".
سەبارەت بەناوی کاندیدەکە، ئەو پەرلەمانتارەى پێشوو ئاماژەی بەوەکردوه، "نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، تا ئەم ساتەش کاندیدی فەرمیی چوارچێوەی هەماهەنگییە بۆ ئەو پۆستە، دەرەنجامەکانی ئەم کۆبونەوەیەش دەبێتە کلیلێک بۆ یەکلاکردنەوەی تەواوی خاڵە هەڵپەسێردراوەکانو ڕاگەیاندنی فەرمی ناوی کاندیدەکە".
ئەم هەنگاوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دوای ئەوەدێت، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، سەرۆکایەتی پهرلهمانى عێراق داوای لەو هاوپەیمانییە کردبوو لەماوەی 15 ڕۆژدا ناوی کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ پێشکەش بەسەرۆک کۆمار بکەن، بۆ ئهوهش حەمامی جەختیكردوهتهوه، "هێزەکانی چوارچێوە پابەندی وادە دەستورییەکاننو پەلە دەکەن لەجێبەجێکردنی ئەم ئەرکەدا".
