میدیای ئیسرائیلی: لێکتێگەیشتنی ئەرێنی و بنیادنەر لەنێوان هەسەدە و دیمەشق هاتۆتە ئاراوە

کوردستان

5 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2040 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرچاوە تایبەتەکانی کەناڵی i24NEWS ئاشکرایان کردوە، لێکتێگەیشتنێکی ئەرێنی و بنیادنەر لە نێوان حکومەتی دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) هاتۆتە ئاراوە، کە زۆربەی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردولا دەگرێتەوە و بەرەو ڕێککەوتنێکی گشتگیر هەنگاو دەنێت.


 کەناڵەکە باسی لەوەکردووە؛ چاوەڕوان دەکرێت ئەگەر تێگەیشتنەکان بگەنە ئەنجام، لە ماوەیەکی نزیکدا سەرکردایەتیی کوردی سوریا بڕیار و ئەنجامی مێژویی ڕابگەیەنێت.

ئەوەش هاتووە؛ بەپێی زانیارییەکان، هێزەکانی ئاسایش بەرپرسیارێتی پاراستنی ناوچە کوردییەکان دەگرنە ئەستۆ و دەخرێنە سەر وەزارەتی ناوخۆ، هەروەها هەسەدە وەک یەکەیەکی یەکگرتوو دەمێنێتەوە و لە چوارچێوەی دامەزراوەیی وەزارەتی بەرگریدا ڕێکدەخرێتەوە.

 ڕێککەوتنەکە دامەزراندنی ئەنجومەنی خۆجێی و سەربازی لە عەفرین و سەرێ کانی لەخۆدەگرێت و جەخت لە نەچونی سوپای سوریا بۆ ناوچە کوردییەکان دەکاتەوە. هاوکات، نەخشەڕێگایەکی ڕون و خشتەیەکی کاتی بۆ چەسپاندنی مافەکانی کورد لە دەستوری داهاتوی سوریا و بەڕێوەبردنی هاوبەشی دەروازە سنورییەکان و فڕۆکەخانەکان دیاریکراوە.

 ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی سیاسی و سەربازی گرنگ بۆ سەقامگیری ناوچەکە و دابینکردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد دەبینرێت کە کۆتایی بە ساڵانێک لە گرژی و ناڕوونی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا دەهێنێت.

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی