شارپرێس:
دەزگای میدیایی شارپرێس
لەچاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی CPTی ئەمریکی، کۆمەڵێک چیرۆکی تراژیدی لەبارەی کۆمەڵکوژی
خەڵکی رۆژئاوای کوردستان لەدەستی چەتەکانی سوریا ئاشکرادەکات.
-پێستیان لێکراوەتەوە و چاویان دەرهێنراوە:
کامەران عوسمان، بەرپرسی
دیسکی مافی مرۆڤ لە رێکخراوی CPTی ئەمریکی – تیمی کوردستان - عێراق، لەچاوپێکەوتنێکدا
لەگەڵ شارپرێس ئاماژەی بەوەکرد،" یەکێک لەو کۆمەڵکوژییانەی کە لەرۆژئاوای
کوردستان بینیم و لەیادم ناچێ، ژنێکی کورد دوای کوژرانی بە چەقۆ، پێستی دەموچاو و
ورگری هەڵدەکەنرێت، کوڕێکی دیکەی ئەو خێزانەش لەلایەن چەکدارەکانەوە چاوی
دەردەهێنرێت ".
وتیشی،" شەڕڤان
هەبوە دوای شەهیدکردنی، تەرمەکەی سوتێنراوە و دواتر بە ئۆتۆمبێل بەسەر تەرمەکەیدا
رۆشتون ".
-هیچ رێکخراوێکی نێودەوڵەتی لە رۆژئاوای کوردستان نەماوە:
بەوتەی کامەران عوسمان، بەهۆی
ئەوەی قەیرانەکە لەرۆژئاوای کوردستان گەورەیە، هیچ گروپێک ناتوانێت لەئێستادا
ئامارێکی ورد لەبارەی زیانەکانی هەڵمەتە سەربازییەکانی چەکدارانی دیمەشق بۆ سەر
رۆژئاوای کوردستان تۆمار بکات، لەگەڵ ئەوەشدا سەرجەم رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان
لەرۆژئاوای کوردستان چونەتە دەرەوە و رێکخراوە ناوخۆییەکانیش بارەگاکانیان سوتاوە.
-120 تاکو 130 هەزار کەس ئاوارەبون:
کامەران عوسمان دەڵێت،"
بەپێی ئەو ئامارانەی کە دەستی ئێمە کەوتوە، لەنێوان 120 تاکو 130 هەزار کەس لە رۆژئاوای کوردستان بەهۆی ئەو
هێرشانەوە ئاوارە بون، لە قامیشلۆ، رمێلان، ترپەسپی، عامودا و دێرک مزگەوت، قوتابخانە
و بەشە ناوخۆیی خوێندکاران چۆڵکراون و ئاوارەکان بەمەبەستی حەوانەوە چونەتە
ناوییەوە ".
-شیری منداڵانیش دەستناکەوێت:
ئەوەشیخستەڕوو، هەموو
ئەو کێشانە بونە هۆی ئەوەی نرخی خۆراک و سوتەمەنی بەرز ببێتەوە، تەنانەت شیری
منداڵانیش دەستناکەوێت.
-هاوکارییەکان کۆتایی بە قەیرانەکان ناهێنن:
سەبارەت بە گەیاندنی
هاوکارییەکان، بەرپرسی دیسکی مافی مرۆڤی ئەو رێکخراوە باسی لەوەکردوە، لەئێستادا
تاکە دەروازەی سنوری و سەرچاوەی هەناسەدانی رۆژئاوای کوردستان دەروازەی سنوری
سێملێکایە، ئەو هاوکارییانەش کە لە باشورەوە رەوانەی رۆژئاوا دەکرێن بەشێکی زامەکان
ساڕێژ دەکەن، بەڵام کۆتایی بە قەیرانەکان ناهێنن.
-بەڵگەی کۆمەڵکوژییەکان بۆ سیناتۆر و کۆنگرێسمانەکان نێردراون:
کامەران عوسمان
رونیکردەوە، کاری ئەوان ئەوەیە هیچ بیانویەک بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەهێڵن کە
کۆمەڵکوژییەکان پەردە پۆش بکرێن، ئەوان بە بەڵگە و دیکیۆمنێت هەموو پێشێلکاری و
کۆمەڵکوژییەکان تۆمار دەکەن و بۆ سیناتۆر و گۆنگرێسمانەکانی ئەمریکایان ناردوە و
وەڵامیشیان وەرگرتوە.
-لەرۆژئاوا بۆیان بچێتەسەر کورد لەباشور سەلامەت نابێت:
کامەران عوسمان هۆشداری
دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەوەی لەرۆژئاوای کوردستان ڕودەدات ئەگەر بۆ ناحەزان
بچێتەسەر، بێگۆمان کورد لە باشوری کوردستان ناتوانێت بە سەلامەتی دابنیشێت، کەمپی
هۆڵ کە ٢٥ هەزار و ١٨٣ ئەندامی داعشی تێدایە، ئێستا لەژێر دەسەڵاتی سوریادایە و
تەنها ٢٠ کیلۆمەتر لە شەنگالەوە دورە.