ئیدارەی خۆسەر: 350 هەزار كەس بەرەو ناوچە كوردییەكان ئاوارە بوون

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 297 جار خوێندراوه‌ته‌وه



شارپرێس:

شێخموس ئەحمەد، هاوسەرۆكی نووسینگەی كاروباری ئاوارە و پەنابەران لە ئیدارەی خۆسەر، دەڵێت، بەهۆی هێرشەكانی ئەم دواییەی حكومەتی دیمەشق بۆ سەر ناوچەكانی ڕەققە، تەبقە و دێرەزوور، نزیكەی 350 هەزار كەس بەرەو حەسەكە، قامیشلۆ و كۆبانێ ئاوارە بوون.

ئەحمەد لەلێدوانێكدا دەڵێت، ناوچەكە لە دۆخێكی مرۆیی سەختدایە، چونكە چەتەكانی سەر بە دیمەشق بەردەوامن لە پێشێلكردنی ئاگربەست و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیش كارەكانیان بە تەواوی ڕاگرتووە.

ناوبراو دەشڵێت، ئامانجی دیمەشق لەم هێرشانە كۆنترۆڵكردنی دەروازەی سێمالكا و فیشخاپوورە بۆ بڕینی هاوكارییەكان، ئەمەش لە كاتێكدایە كە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر خۆی دەستكورتە و ڕووبەڕووی كەمیی دەرمان و پێداویستی بووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو هاوكارییانەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كۆبانێ ناردوویانە زۆر كەمە و وەڵامدەرەوەی پێویستیی ئاوارەكان نییە.

هەروەها ئەحمەد هۆشداری دا كە ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، لەوانەیە نانەواخانە و نەخۆشخانەكان لە كار بوەستن و ژیانی ملیۆنان كەس بكەوێتە مەترسییەوە.