شارپرێس:
هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاشكرایكرد، ئۆپەراسیۆنی ڕاوەدونانی شانە نوستوەکانی ڕێکخراوی داعشیان لەگەڕەکەکانی غوێران و نەشوەی شاریحەسەکە کۆتایی پێهێناوەو سێ چەکداریان دەستگیرکردوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی هەسەدە كەبڵاوکراوەتەوە،" شانە نوستوەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەچەکی سوک و مامناوەند هێرشیان کردە سەر هێزەکانمان لەگەڕەکەکانی غوێران و نەشوە، دواتریش هێزەکانی هەسەدە دەستیان بەئۆپەراسیۆنی گەڕان و ڕاوەدونان کرد".
لەڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، ئۆپەراسیۆنەکە بەدەستگیرکردنی سێ چەکداری ئەو شانە نوستوانەی داعش کۆتایی هاتوە کە هێرشەکەیان ئەنجامدا.
هەسەدە داوا لەهاوڵاتییانی مەدەنی دەکات پابەندی ڕێنماییە ئەمنییەکان بن و لەکاتی بینینی هەر جموجوڵێکی گوماناویدا هێزە ئەمنییەکان ئاگاداربکەنەوە، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ بەردەوامبونی سەقامگیری و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
ئەمە لەكاتێكدایە، لەناوچەی غوێرانی حەسەکە زیندانێک هەیە کە چەکدارە پێشوەکانی رێکخراوی داعشی تێدایە.