شارپرێس:
پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا بڕیاریدا هێزەکانی ئەو وڵاتە تاوەکو 31ی کانونی دوەمی 2027 لەهەرێمی کوردستان و عێراق بمێننەوە.
لەدانیشتنی پەرلەمانی ئەڵمانیادا، 477 پەرلەمانتار لەبەرژەوەندیی درێژکردنەوەی ئەرکی هێزە ئەڵـمانییەکان دەنگیان داو 100ی دیکە دژی بون. یەک پەرلەمانتاریش بێلایەن بوو.
بەگوێرەی یاسا پەسنکراوەکە، 109 ملیۆن یۆرۆ وەک خەرجیی ئەمساڵی مانەوەی سەربازانی ئەڵمانی لەعێراق و هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.
نزیکەی 500 سەربازی ئەڵمانی لەچوارچێوەی ئەرکێکی هاوپەیمانیی ناتۆ لەهەرێمی کوردستان و عێراق جێگیرن و ژمارەیان وەک خۆی دەمێنێتەوە، لەكاتێكدا هێزەکان بەدیاریکراوی لەهەولێرو بەغدان.
ئەڵمانیا لەساڵی 2014ـەوە بە بەهای زیاتر لە 3 ملیار یۆرۆ لەبواری ئەمنی و مرۆییدا یارمەتیی عێراق و هەرێمی کوردستانی داوە.