دوای بەتیرۆرناساندنی لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە.. جیاوازیی چییە لەنێوان سوپای ئێران (ئەرتەش) و سوپای پاسدارانی ئێران؟

جیهان

7 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 469 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەکێتیی ئەوروپا دوێنێ پێنجشەممە سوپای پاسدارانی ئێرانی خستە لیستی “رێکخراوە تیرۆریستییەکانی” خۆیەوە، کە ناوی لە هەمان پۆلێنی دەوڵەتی ئیسلامی و قاعیدەدایە و گۆڕانکاریی لە ڕێبازی ئەورووپا بەرامبەر بە دەسەڵاتدارانی ئێرانی نیشان دا.

 
 هەر لەو هەنگاوەدا، ڕێککەوتن لەسەر سەپاندنی قەدەغەکردنی ڤیزە و بلۆککردنی سەروەت و سامان بەسەر 21 بەرپرس و قەوارەی حکومەتی ئێرانی بەهۆی ڕۆڵیان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ئێران، لەنێویاندا ئەسکەندەر موئینی وەزیری ناوخۆی ئێران.

بەڵام ئایا جیاوازیی چییە لەنێوان سوپای پاسدارانی ئێران و سوپای فەرمیی ئێران (ئەرتەش)؟:
هێزی چەکداری ئێران لە دوو دامەزراوەی سەرەکیی پێکدێت: سوپای کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران، هەرچەندە هەردووکیان ئامانجی پاراستنی وڵاتیان هەیە، بەڵام لە ئەرک و ناسنامەدا جیاوازن.

سوپا وەک هێزێکی کلاسیکی، ئەرکی سەرەکیی پاراستنی سنوورەکان و سەروەریی نیشتمانییە و لە هێزەکانی وشکانی، دەریایی و ئاسمانی پێکدێت. لە بەرانبەردا، سوپای پاسداران دوای شۆڕشی 1979 دامەزرا بۆ پاراستنی خودی شۆڕش و سیستەمی سیاسی. جیاوازیی گەورە لێرەدایە کە سوپای پاسداران لە ڕێگەی "فەیلەقی قودس"ەوە دەستوەردان لە کاروباری هەرێمی دەکات و پشتگیری لە گرووپە هاوپەیمانەکانی وەک گرووپەکانی ناسراو بە بەرەی مقاوەمە دەکات، ئەوەش کارێکە ئەرتەش ئەنجامی نادات.
هەماهەنگی نێوان ئەم دوو هێزە لە ڕێگەی "دەستەی گشتیی هێزە چەکدارەکان"ەوە دەبێت کە بەرزترین دەسەڵاتی سەربازییە و ڕێبەری باڵا فەرماندەکەی دیاری دەکات، هەروەها بنکەی "خاتەمول ئەنبیا" خاڵی هاوبەشیانە بۆ بەرگریی ئاسمانیی و یەکخستنی سیستەمی کۆنترۆڵ.
حسێن حەقیان، توێژەری سەربازیی ئێرانی، ئاماژە بەوە دەکات کە کەشی ناو سوپای پاسداران زیاتر "برایانە" و شۆڕشگێڕانەیە نەک تەنها سەربازییەکی توند، ئەمەش وای کردووە فەرماندەکانیان وەک قاسم سولەیمانی پەیوەندییەکی کەسیی و کۆمەڵایەتیی بەهێز لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان دروست بکەن. فەرماندەکانی پاسداران بە پێچەوانەی سوپاوە، زۆر لە میدیاکان دەردەکەون و قسە لەسەر کاروباری سیاسیی و ئایینی دەکەن.
جیاوازییەکی تری سەرەکیی لە جەماوەرییبووندایە؛ خۆشەویستی گەل بۆ سوپا جێگیرە چونکە پارێزەری خاکە، بەڵام بۆ سوپای پاسداران گۆڕاوە و بەستراوەتەوە بە هەڵوێست و قاڵبە سیاسییەکانیانەوە. هەروەها جۆرێک لە ڕێککەوتنی نافەرمیی هەیە کە سوپا بەرپرس بێت لە "بەرگری" و سوپای پاسداران بەرپرس بێت لە "هێرشکردن" بۆ سەر وڵاتانی تر.
لە ڕووی ستراتیژییەوە، هێزی موشەکیی و ئاسمانیی سوپای پاسداران تاکە هێزی ڕێگریکەری ئێرانە، بەهۆی گەمارۆکان و نەبوونی فڕۆکەی جەنگیی نوێ، پاسداران سەرنجی خستە سەر پەرەپێدانی موشەکی بالیستی. ئەم موشەکانە کە مەوداکەیان دەگاتە 2500 کیلۆمەتر، هێزێکی ترسێنەرن بۆ دوژمنان، هەرچەندە موشەکە بالیستییەکان لە بنەڕەتدا بۆ کڵاوەی ئەتۆمیی دروست کراون و ڕێژەی هەڵەیان زۆر بوو، بەڵام پاسداران توانییان وردییەکەیان بۆ 10 مەتر کەم بکەنەوە.
لە کاتێکدا سوپا خاوەنی فڕۆکەی کۆن و هێزی دەریایی گەورەیە، سوپای پاسداران بە خێرایی لە بواری تەکنەلۆژیا و درۆنەکاندا پێشکەوتووە.
حوسێن کەنعانی، فەرماندەی پێشووی پاسداران، دەڵێت سوپای پاسداران تەنها پارێزگاری لە خاک ناکات، بەڵکو پارێزەری سنوورە ئایدیۆلۆژییەکانیشە، ئەمەش شەرعییەت بە بوونی ئەوان لە دەرەوەی وڵات وەک هێزێکی ناتەقلیدی بۆ پشتگیریکردنی سوپا و بەهێزکردنی پێگەی ئێران دەدات .
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە