بۆ چارەسەری پرسی كورد داوایەكی چارەنوسساز دەكرێت

کوردستان

8 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 431 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرلەمانتاری دیاری دەمپارتی ڕایگەیاند، چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە لەڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە دەبێت و دەڵێت،"کۆمەڵگەی دیموکراسیش بریتییە لەداڕشتنی رێوشوێنی یاسایی بۆ هەمیشەییکردنی ئاشتی هەموو ئەمانەش پێكەوە بۆ كورد چارەنوسسازن و پێویستە لەبەرچاو بگیرێن".

میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری مێردینی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەمپارتی) ڕایگەیاند، چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە لەڕێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە دەبێت.

ناوەندی دیجلە بۆ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی، لەئامەد پانێڵێکی بەناونیشانی سوریا، ڕۆژئاواو پرسی کورد ڕێکخست. 

لەپانێڵەکەدا، پرۆسەی سیاسیی ئێستای تورکیا، پێشهاتەکانی سوریاو دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بەشێوەیەکی گشتگیر تاوتوێکرا.
 
میدحەت سانجار، لەوتارەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، پێویستە توندوتیژی لەچارەسەری پرسی کوردا نەمێنێت و وتی، "پرۆسەی تورکیا بەتێگەیشتنێک دەستیپێکرد کە پرسی کورد لە زەمینەی چەک و توندوتیژییەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی بگوازێتەوە، بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان لەم ئاراستەیەدا بوو، ئاشتیی کۆتاییهێنانە بەپێکدادان؛ کۆمەڵگەی دیموکراسیش بریتییە لەداڕشتنی رێوشوێنی یاسایی بۆ هەمیشەییکردنی ئاشتی هەموو ئەمانەش پێكەوە بۆ كورد چارەنوسسازن و پێویستە لەبەرچاو بگیرێن".
 
سانجار، سەرنجی بۆ ئەوە ڕاکێشا پرۆسەکە بەخاوی بەڕێوەدەچێت و وتی، بڕیاری دانانی چەک بە تەنیا بەس نییە، بەڵکو پێویستە بەهەنگاوی یاسایی و تێکەڵکردنی سیاسیی پشتیوانیی بکرێت.
 
سانجار باسی لەوەش کرد، پرۆسەی پێکدادانی زیاتر لە 40 ساڵ، لەناو کۆمەڵگە و سیاسەتدا هەندێک خوی دروستکردوەو وتی،"ئەگەر توندوتیژی کۆتایی بێت، سیاسەت جێگەی دەگرێتەوە، پێویستە هەلومەرجێک بڕەخسێندرێت کە تێیدا ئامانجەکان لەچوارچێوەی سیاسەتی دیموکراسی و یاسادا بەدی بهێندرێن. ئێستا لەقۆناغی بنیاتنانی چارەسەریداین و لەم خاڵەدا بەرپرسیاریێتی تەنیا ناکەوێتە ئەستۆی ئەکتەرە سیاسییەکان، بەڵکو ئەرکی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە. کاتی ئەوە هاتوە بەهۆشیارییەکی بەهێزی کۆمەڵایەتییەوە کار بکەین".
 
میدحەت سانجار، ئاماژەی بەپێشهاتەکانی سوریاو ڕۆژئاوای کوردستانیش کردو ڕایگەیاند، ئەو مۆدێلەی لەڕۆژئاوای کوردستان تاقیکرایەوە، ئەزموونێکی گرنگە بۆ پێکەوەژیانی ناسنامە و باوەڕە جیاوازەکان. 
لەوتارەكەیدا جەختیشی كردەوە، كەئەو بۆچونانەی دەڵێن ئەم مۆدێلە شکستی هێناوە، بەواقیعی و دروستیان نازانم و وتی،" پێویستە بەوەرگرتنی وانە لەکەموکوڕییەکان، ئەم فکرەیە پەرەی پێبدرێت، دەبێت ئەمە ببێتە مۆدێلی ئارامی، ئازادی و ئاسایش بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست".
 
سانجار، لەکۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە کردەوەو وتی، داننان بەمافەکانی کورد مەرجە بۆ ئاشتیی هەرێمی،"پێشهاتەکانی سوریا ئەوەیان نیشان دا؛ ئەگەر رێکخستنی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ داننان بەبون و ئازادیی کوردا دروست بکرێت، ئەمە جگە لە پێکدادان هیچ شتێکی دیکە بۆ ئەم ناوچەیە ناهێنێت، مەرجی سەرەکیی پێکەوەژیان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بریتییە لەقبوڵکردنی بون و ئازادیی گەلی کورد. دەرخستنی ئەم ڕاستییە ئەرکی هەمومانە."