شارپرێس:
پارتى ژیانى ئازادى كوردستان (پژاك) هه‌ڕه‌شه لهكۆمارى ئیسلامى ئێران دهكاتو ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "خوێنى شه‌هیدان لهئیلامو كرماشان‌و لوڕستان بێوه‌ڵام نامێنێته‌وه"، سه‌ركرده‌یه‌كى ئه‌و حزبه‌ش له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ شارپرێس باسى ئه‌گه‌ره‌كانى دواى كۆمارى ئیسلامى دهكاتو ده‌ڵێت، "لایه‌نه كوردیه‌كان ده‌بێت له‌ئێستاوه ئامادهبنو ڕاستیه‌ك له‌به‌رچاو بگرن، له‌هه‌ر گۆڕانكارییهكو چونه‌وه‌مان بۆ ڕۆژهه‌ڵات، ده‌بێت بزانن هیچ لایه‌نێك به‌ته‌نها ناتوانێت وه‌ڵامده‌رى ئه‌و دۆخه‌بێت، لایه‌نێكى كوردیى چه‌ند به‌هێزیش بێت، ناتوانێت ته‌نها بۆخۆى بێت".
ئەهوەن چیاکۆ ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەچاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ شارپرێس، گرنگ‌و شرۆڤه‌ى دۆخى ئێستاى توركیا‌و سوریا‌و ئێرانه‌وه دهكاتو زانیارییش له‌باره‌یانه‌وه ئاشكراده‌كات.
"ئێران دهرفهتو تواناى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ئهمریكاو ئیسرائلى نییه"
ئه‌هوه‌ن چیاكۆ له‌چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ شارپرێس ئه‌نجامیدا وتى، "ئێران به‌هۆى سیاسه‌ته‌كانیه‌وه، ڕۆژ به‌ڕۆژ به‌ره‌و خراپى دهڕواتو خراپتریش ده‌بێت له‌ئاینده‌دا".
ده‌شڵێت، "ئێران ده‌رفه‌تى ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ى ئهمریكاو ئیسرائیلى نییه، ئهمریكاو سوپاكه‌ى له‌سه‌ر ئاستى جیهان گه‌وره‌یه، وڵاتێكى زلهێزى دونیایه، هه‌ربۆیه ئێمه له‌پژاك پێمانوایه، به‌هۆى ئه‌و سیاسه‌ته‌ى ئێستاى ئێران گرتویه‌تیه‌به‌ر، ئه‌گه‌ر به‌رده‌وامبێت، به‌دڵنیاییه‌وه توشى ته‌نگژه‌ى زیاتر ده‌بێته‌وه‌و ئه‌گه‌ر وه‌شاندنى گورزێك هه‌یه لێى، له‌هه‌مانكاتیشدا پێمانوایه، ئهگهربێتو سیاسهتهكهشى نه‌رم بكاته‌وه، ترسێكى گه‌وره‌ى هه‌یه لهههڵسانى جه‌ماوه‌ریى له‌ناوخۆى وڵاته‌كه‌و قڵپبونهوهى دۆخه‌كه به‌سه‌ریدا، چونكه دابڕانێكى گه‌وره هه‌یه له‌نێوان خه‌ڵك‌و ده‌سه‌ڵاتى ئێستاى ئێران‌دا".
ئێران ده‌گاته كوێ؟
ئه‌هوه‌ن چیاكۆ پێیوایه، چه‌ند سیناریۆیه‌ك له‌به‌رچاو ده‌گیرێ وه‌ك ئه‌گه‌ر، یه‌كێك له‌وانه، ئێران ته‌سلیم ده‌بێت، هه‌موو داخوازیه‌كانى ئه‌مریكا قبوڵده‌كات له‌ئه‌نجامى دانوستاندندا، ئه‌وكاتیش ئه‌و كۆمارى ئیسلامیه نامێنێت كه ئێستا هه‌یه، له‌به‌رئه‌وه‌ى ده‌بێت زۆر شت لهسیاسهتو ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ى له‌ناوخۆى وڵات‌و به‌رامبه‌ر وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ش بگۆڕێت، ده‌بێت ویلایه‌تى فه‌یهـ نه‌مێنێ، ده‌بێت ده‌رفه‌ت بدات سه‌رمایه‌ى ده‌ره‌وه بێته ناو ئێران، ده‌بێت به‌گوێره‌ى داخوازییه‌كانى وڵاتانى ڕۆژئاوایى كرانه‌وه له‌وڵاته‌كه‌یدا بكات، ده‌بێت سوپاى پاسداران نه‌مێنێت، واته زۆرشت كه كۆمارى ئیسلامی‌یان پێكهێناوه، ده‌بێت نه‌مێنن.
باس له‌وه‌شده‌كات، "كۆمارى ئیسلامیش له‌مه دهترسێتو زۆر به‌ڕونى ئه‌وه‌ى بۆ سه‌لماوه، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ى كرد، ئه‌وا له‌ناوخۆوه هه‌وڵى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ئه‌و وڵاته دهدرێتو له‌ناو ده‌برێت".
یه‌كێكى دیكه لهسیناریۆكان بهبڕواى سه‌ركرده‌كه‌ى پژاك ئه‌وه‌یه، ئێران هیچ داواكارییهكى ئه‌مریكا قبوڵناكات، له‌مه‌شدا پێشبینیه‌كان وایه، كه هێرشێكى زۆر گه‌وره‌و كاریگه‌ر ده‌كرێته‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌و زۆریش جیاواز ده‌بێت له‌شه‌ڕى 12 ڕۆژه.
جه‌ختیشده‌كاته‌وه، "مامه‌ڵه‌و بڕیاره‌كانى تره‌مپیش به‌شێوه‌یه‌كه زۆركات له‌ده‌ره‌وه‌ى پێشبینیهكانهو نا‌توانیت ده‌قیق بڵێى ئه‌مه وا دهبێتو وا نابێت، باسى دانوستاندنو ئاشتیى ده‌كات، به‌ڵام له‌ناكاو هێرشده‌كات، هه‌ربۆیه ناكرێت سیاسهتو جوڵه‌كانى تره‌مپیش نابێت نادیده بگرین، به‌ڵام له‌هه‌ردوو سیناریۆكانیشدا ڕاستییه‌ك هه‌یه‌و پێمان ده‌ڵێت، كۆمارى ئیسلامى ئێران ناتوانێت وه‌كو پێشتر به‌رده‌وامبێت لهسیاسهتهكانى خۆى".
سه‌باره‌ت بهكارتهكانى ئێرانیش، بۆچونى سه‌ركرده‌كه‌ى پژاك وایه، "كارته‌كانى ئێران له‌و ئاسته‌دانین به‌رگه‌ى هێرشى ئهمریكاو ئیسرائیل بگرن‌و بتوانێت به‌رگریى له‌خۆى بكات، به‌ڵام ڕاستیهكیش هه‌یه ئه‌ویش خودى ئه‌مریكایه كه خاوه‌نى ئه‌زمونه له‌ده‌ره‌وه‌ى خاكه‌كه‌ى خۆى بۆ نمونه لهعێراقو ئه‌فغانستان، ترسێكى هه‌یه كه ئهگهربێتو شڵه‌ژان له‌ئێران ڕوبدات، بۆى كۆنه‌بێته‌وه".
پرۆسه‌ى ئاشتى لهتوركیاو كاریگه‌ریى له‌سه‌ر پژاك له‌ئێران
شرۆڤه‌ى ئه‌هوه‌ن چیاكۆ وایه، "دونیا له‌گۆڕاندایه، خهباتو تێكۆشانه كلاسیكه‌كان ناتوانن وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى گۆڕانكارییه جیهانیه‌كان بن، ڕێباز‌و تێكۆشانى نوێ‌و سه‌رده‌مى پێویسته، له‌باكور خه‌باته‌كه‌یان وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى ئه‌و گۆڕانكارییانه‌یه، كورد له‌باكور زۆر هۆشیارانه وه‌ڵامى هه‌موو كێشهگهلهكان ده‌داته‌وه‌و خۆش خه‌یاڵ نییه‌و ئاماده‌سازیى پێویسته هه‌میشه له‌به‌رده‌سته".
نه‌یشارده‌وه، كه ڕه‌نگه كاریگه‌ریى هه‌بێت به‌وپێیه‌ى هه‌میشه تۆمه‌تبار ده‌كرێن گوایه پژاك به‌شێكه له‌په‌كه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ش وتى، "ئێمه ئه‌وه ڕه‌تده‌كه‌ینه‌وه، چونكه به‌شێك نین له‌په‌كه‌كه، به‌ڵكو پژاك‌و په‌كه‌كه هه‌ردوكیان له‌گه‌ڵ ته‌ڤگه‌رى ئاپۆیى له‌بوارى فیكریىو ڕوانگه‌ى فه‌لسه‌فى نزیكایه‌تییان هه‌یه، له‌و ڕوه‌وه ئینكاریى ناكه‌ین، ئه‌وه‌ش خاڵى لاوازیى ئێمه نییه‌و به‌یه‌كێك له‌خاڵه به‌هێزه‌كانى خۆمانى ده‌زانین، هیواداریشین هیچ كاریگه‌رییه‌كى له‌سه‌ر ئێمه نه‌بێت".
بهبڕواى ئه‌و، "ئێمه وه‌كو پژاك پێمانوایه، چ لهئێرانو چ له‌توركیا چ له‌هه‌ر وڵات‌و شوێنێك كه كێشهگهلى زۆرى هه‌یه، پێویسته ڕێگه‌ى دیموكراتیك بگیرێته‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌رى كێشه‌كان له‌برى ڕێگه‌ى سهربازیىو توندوتیژیى، به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ى ئاخۆ چۆن له‌مافى ئه‌و گه‌له نزیكده‌بێته‌وه كه ده‌ستى به‌سه‌ر ئه‌و به‌شه‌ى كوردستاندا گرتوه، پژاك ته‌نها خه‌باتى بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان نییه، ئێمه تێكۆشانمان فره ڕه‌هه‌نده، چونكه ته‌نها كورد له‌ئێران ناژى، چه‌ندین نه‌ته‌وه‌و پێكهاته هه‌یه، ده‌بێت داواى مافى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى دیموكراتیك بكه‌ین".
"كاراكتهرى ئێران زۆر جیاوازه"
لهبهشێكى دیكه‌ى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا سه‌ركرده‌كه‌ى پژاك باسى له‌وه‌كرد، "كاراكتهرى ده‌وڵه‌تى ئێران زۆر جیاوازه وه‌ك له‌توركیا، ئێمه وه‌كو پژاك شه‌ڕ ناخوازینو توندوتیژیمان ناوێ، ده‌مانه‌وێ كێشه‌كانى گه‌لانى ئێران‌و له‌پێش هه‌مویانه‌وه كورد، به‌ڕێگه‌و ڕێبازى دیموكراتیك چاره‌سه‌ربكرێن به‌بێئه‌وه‌ى په‌نا بۆ چه‌ك ببرێت، به‌ڵام ئه‌وه ئێرانه ئه‌وه‌ى ناوێت‌و به‌رنامه‌یه‌كى له‌و شێوهیهشى لهمێشكدانییه كه ئێمه بیرى لێده‌كه‌ینه‌وه، ئێمه هه‌موكات ئاماده‌ین بۆ كاركردن لهدهرفهتێكى كراوه‌ى دیموكراسى، به‌ڵام ئێران ئاماده‌نییه".
"له‌خۆپیشاندانه‌كانى 2022وه تائێستا كورد پێشه‌نگه له‌ئێراندا"
باسى له‌خۆپیشاندانه‌كانى ئێران كرد‌و وتى، "وه‌ك چۆن له2022دا له‌كاتى سه‌رهه‌ڵدانى ژن ژیان ئازادی‌دا كوردستان پێشه‌نگبوو، ئه‌مجاره‌ش هه‌ر كوردستان پێشه‌نگایه‌تى كرد، ته‌نها جیاوازییه‌كه‌ى ئه‌وه‌بوو ئه‌وكاته سه‌قز بوو، ئه‌مجاره مه‌له‌كشا بوو، ئه‌وكاته سنه بوو ئه‌مجاره ئیلام بوو، ئه‌وه نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه كه كۆمارى ئیسلامى ناتوانێت كوردان غافڵگیر بكات‌و له‌یه‌كیان داببڕێنێت، كوردستان سنوردار بكات لهههرێمو ناوچه‌یه‌كى دیاریكراودا".
ڕاستیه‌كى له‌باره‌ى كۆمارى ئیسلامیشه‌وه ئاشكراكرد‌و ڕایگه‌یاند، "ئه‌و هه‌موو ساڵه كۆمارى ئیسلامى هه‌وڵیداوه ئیلام‌و كرماشان لهكوردایهتىو خه‌باتى نه‌ته‌وه‌یى داببڕێنێت، به‌ڵام نهیتوانیىو پێشانگایهتى ئه‌مجاره‌ى ناڕه‌زاییه‌كان دژى ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ى ئێستا، ئیلام‌و كرماشانى كوردان بون‌و خه‌باتێكى گه‌وره‌ى تێكۆشانى كوردایه‌تى تێدایه‌و ده‌شبێت سیاسه‌تى كوردى له‌ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان، گرنگیه‌كى زۆر زیاتر له‌جاران به‌و هه‌رێمانه بدات".
ئایا خه‌بات بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى دیموكراتیك گونجاوه دواى ئه‌وه‌ى له‌ڕۆژئاوا بینرا چى ڕویدا؟
ئه‌هوه‌ن چیاكۆ له‌وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌دا شرۆڤه‌ى جیاوازى كرد‌و بۆچونى وابوو، "ده‌وترێت خه‌باتى گه‌لى كورد له‌ڕۆژئاوا بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى دیموكراتیك بوو، به‌ڵام سه‌ره‌نجام بینرا كه ئه‌و سیاسه‌ته سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، ئه‌و نه‌ته‌وه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ى كورد دهیپاراستنو به‌رگریى لێده‌كردن، به‌پێچه‌وانه‌وه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كورد كرد، به‌ڵام ئێمه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و خهباتو سیاسه‌ته ده‌كه‌ینه‌وه‌و پێمانوایه، پێكه‌وه‌ژیانى دیمو‌كراتى شتێك نییه كۆتایى پێهاتبێت، دونیاى ئه‌مڕۆ دونیا پێكه‌وه‌ژیانه".
نمونه‌ى هێنایه‌وه‌و وتى، "زۆر شارمان هه‌یه له‌هه‌ر چوار به‌شى كوردستان تێكه‌ڵه‌یه لهكوردو عهرهبو فارس‌و پێكهاته‌كانى دیكه، له‌به‌رئه‌وه ناكرێت بڵێین ئه‌وه‌ى لهڕۆژئاواى كوردستان خه‌باتى بۆ ده‌كرا شكستیهێناوه، دونیا ئه‌مڕۆ دونیا تێكهڵبونو پێكه‌وه‌ژیانه، ئێمه‌ش بۆ ئێران هه‌مان ئه‌و به‌رنامه‌یه‌مان هه‌یه‌و پێمانوایه، ده‌بێت گه‌لانى ئێران پێكه‌وه‌بژین".
زیاتر له‌وباره‌یه‌وه ڕایگه‌یاند، "بۆ نمونه ئه‌گه‌ر له‌شارێكى وه‌كو ئورمیه پڕۆژه‌ى پێكه‌وه‌ژیانى كورد‌و تورك ڕه‌تبكه‌ینه‌وه، چ ده‌گوزه‌رێت، ئه‌وكات ده‌بێت بڵێین فه‌رمون توركه‌كان ئێوه كورد كۆمه‌ڵكوژ بكه‌ن یان فه‌رمون كوردان ئێوه توركه‌كان كۆمه‌ڵكوژ بكه‌ن، هه‌رگیز شتى وا ئیمكانى نییه‌و ده‌بێت دروشمى برایه‌تى‌و پێكه‌وه‌ژیان به‌رزبكرێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه جهختدهكهینهوه هیچكاتێك پڕۆژه‌ى پێكه‌وه‌ژیانى دیمو‌كراتى شكستینههێناوهو ناشهێنێت".
دواى نه‌مانى ده‌سه‌ڵاتى ئێستاى ئێران، پشتیوانیى له‌كێ ده‌كرێت؟
سه‌باره‌ت به‌و وه‌ڵامه‌ش ئه‌هوه‌ن چیاكۆ نه‌یشارده‌وه، "له‌هه‌ر گۆڕانكارییه‌كدا له‌ئێران ئێمه ئه‌وه ده‌زانین كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خودى ده‌وڵه‌ته نوێیه‌كه‌دا ده‌كات وه‌ك چۆن له‌سوریا بینیمان، پێشتر كه ئه‌سه‌د له‌ده‌سه‌ڵاتدابوو، پشتیوانى بۆ كورد زۆربوو دژى به‌شار ئه‌سه‌د، به‌ڵام كاتێك ئه‌و ده‌وڵه‌ته نوێیه‌ى خۆیان دروستیانكرد له‌سوریا، ئه‌وه‌شمان بینى چۆن پشتیوانیه‌كان بۆ پارێزگاریى له‌و ده‌وڵه‌ته ده‌ستیپێكرد، بۆیه پێمانوایه، ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تى ئیسلامى لهكارلاچوو، ئیدى مهلائیكهیه نایه‌ته جێگه‌ى، یان ئه‌و هێزانه‌ى ده‌یانه‌وێت كۆمارى ئیسلامى بڕوخێنن، ئیدى حكومه‌تێكى دیمو‌كراتى ناهێننه جێگه‌ى، نه‌خێر، به‌ڵكو ده‌توانن زۆر له‌ده‌سه‌ڵاتى ئێستا ئێران خراپتریش بهێنن، وه‌ك چۆن حكومه‌تى ئه‌فغانستانیان ڕوخاندو تاڵیبانیان هێنایه‌وه‌و به‌شار ئه‌سه‌دیان ڕوخاندو ئه‌حمه‌د شه‌رعیان هێنایه سه‌ر حوكم".
كه‌واته كورد ده‌بێت چى بكات‌و چۆن خۆى ئاماده‌بكات؟
بۆ ئه‌وه‌ش وتى، "مادام ئه‌و ئه‌زمونانه‌ى وڵاتان له‌به‌رچاون، ده‌بێت خوێندنه‌وه‌ى قووڵمان هه‌بێت بۆ ئه‌و دۆخه، ئه‌گه‌ربێت سیاسه‌تێكى باش ڕاڤه نه‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر هێزى نهتهوهییو ڕێكخستنى خۆمان یهكنهخهین، هیچ گره‌نتیه‌ك بۆ مافه‌كانى گه‌لى كورد نییه لهئێرانو ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان، به‌ڵام یه‌كڕیزى گه‌لى كورد له‌ڕۆژئاوا توانیى تاڕاده‌یه‌كى زۆر ئاراسته‌كه بگۆڕێ، یه‌كه‌میان به‌رخۆدانى ڕۆژئاواى كوردستان، ئه‌گه‌ر بهاتبایه‌و ته‌سلیم ببوایه‌و بڕیارى ئه‌و به‌رخۆدانه هه‌مه‌لایه‌نه‌ى نه‌دایه، پشتیوانیى كوردى له‌به‌شه‌كانى دیكه‌ش به‌ده‌ستنه‌ده‌هێنا".
بۆ ڕۆژهه‌ڵاتیش ڕایگه‌یاند، "ئه‌مه بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستانیش به‌هه‌مانشێوه‌یه، ئه‌گه‌ر ئێمه خۆمان ئاماده‌و به‌رخۆدێر نهبینو یه‌كڕیزیى خۆمان پێشنه‌خه‌ین، ناتوانین پشتیوانیى به‌شه‌كانى دیكه‌ى كوردستان به‌ده‌ستبهێنین، چ جاى پشتیوانیى به‌شه‌كانى دیكه‌ى جیهان، بۆ نمونه ئێران له‌سه‌رهه‌ڵدانى سه‌ره‌تا كه له‌تاران بوو نه‌ترسا، به‌ڵام كاتێك گه‌یشته كوردستان‌و سه‌ره‌تا لهئیلامو كرماشان‌و لوڕستان بینیى كه خه‌ریكه جهماوهریىو ڕادیكاڵیش ده‌بێت، ده‌وڵه‌ت ده‌ستیكرده‌وه".
پژاك هه‌ڕه‌شه لهكۆمارى ئیسلامى ده‌كات
سه‌ركرده‌كه‌ى پژاك هه‌ڕه‌شه‌ى تۆڵه‌كردنه‌وه لهكۆمارى ئیسلامى ئێران دهكاتو ده‌ڵێت، "ئه‌و كۆمهڵكوژیانهى ڕویانداو خوێنى شه‌هیدانیشمان، بۆ ئه‌مه ده‌ڵێین، با خه‌ڵكى خۆمان بزانن، ئه‌وه‌ى لهئیلامو كرماشان‌و لوڕستان به‌رامبه‌رى گه‌ل ئه‌نجامدرا، به‌دڵنیاییه‌وه بێوه‌ڵام نامێنێته‌وه".
داواكارییهكى له‌لایه‌نه كوردیهكانى ڕۆژهه‌ڵاتیش كرد‌و وتى، "لایه‌نه كوردیه‌كان ده‌بێت ڕاستیه‌ك له‌به‌رچاو بگرن، له‌هه‌ر گۆڕانكارییهكو چونه‌وه‌مان بۆ ڕۆژهه‌ڵات، ده‌بێت ئه‌وه بزانێت هیچ لایه‌نێك به‌ته‌نها ناتوانێت وه‌ڵامده‌رى ئه‌و دۆخه‌بێت، لایه‌نێكى كوردیى چه‌ند به‌هێزیش بێت، ناتوانێت ته‌نها بۆخۆى بێت، دولایهنیش ناتوانن، به‌ڵكو ده‌بێت هه‌موو لایه‌نه كوردیه‌كان پێكهوهبنو یهكڕیزییهكى به‌هێز دروستبكه‌ن، ئێمه وه‌ك پژاك به‌ڕاستى بۆ ئه‌وه كارده‌كه‌ین، خۆشبه‌ختانه تا ئاستێكیش ئه‌م یه‌كڕیزییه دروستبوه، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌مان كرد، به‌هۆى زیندویه‌تى كۆمه‌ڵگه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستانه‌وه، گه‌لى كورد ئاسان ده‌گات به‌مافه‌كانى خۆى".
