شارپرێس:
سەرچاوەکانی
چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرایان کردووە کە بەشێوەیەکی رانەگەیەندراو گفتوگۆ لەسەر
گۆڕینی نوری مالیکی بەکەسایەتییەکی پەسەند یان کاندیدی سازان دەکرێت، بەمەرجێک ئەو
کەسە تەنیا لەلایەن خودی مالیکییەوە دیاری بکرێت و پشتگیری بکرێت.
بەگوێرەی
هەواڵێکی پێگەی تۆڕی هەواڵی عێراقی (INN)، لە پشت پەردەی کۆبوونەوەکاندا
چەند ناوێک دەخرێنە ڕوو کە نزیکن لە ئێران، هەروەها ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆکەی
پێشوو و کاندیدکردنی حەیدەر عەبادی وەک بژاردەیەکی ناوەندگیر لە ئارادایە بۆ دەربازبوون
لە چەقبەستوویی سیاسی و دوورکەوتنەوە لە لێکەوتە نەخوازراوەکان.
ئەوەش
هاتووە: ئەم هەوڵانە لەکاتێکدایە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەڵوێستێکی توندی نیشانداوە
و جەختی کردۆتەوە کە ئیدارەکەی دۆناڵد ترەمپ هەموو ئامرازەکان بەکاردێنێت بۆ ڕێگریکردن
لە گەیشتنی مالیکی بە پۆستی سەرۆک وەزیران و جێبەجێکردنی دیدگای واشنتۆن لە عێراق.