شارپرێس:
دواى ئه‌وه‌ى کۆمپانیای PVI بۆ پشکنینی تەکنیکی ئۆتۆمبێل لەهەرێمی کوردستان ئه‌مڕۆ ئاشكرایكرد، لەمانگی ئادارەوە سزای دواکەوتنی پشکنینی ئوتۆمبێل قورس‌تر دەبێت، وه‌زاره‌تى ناوخۆ هاته‌ده‌نگ‌و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانى وه‌زاره‌ته‌كه‌ش ده‌ڵێت، "نوسراوی كۆمپانیاكه كاری پێناكرێت".
ئه‌مڕۆ کۆمپانیای PVI بۆ پشکنینی تەکنیکی ئۆتۆمبێل لەهەرێمی کوردستان، بڕیارێکی نوێی سەبارەت بەکرێ‌و سزای دواکەوتنی پشکنینی ساڵانە دەرکرد، بڕیارەکە وه‌كو ئاشكراكرابوو، لەڕۆژى 1ى 3ى 2026 دەچوه بواری جێبەجێکردنەوەو تێیدا سزای دارایی توند بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە دیاریکرابوو کە لەکاتی خۆیاندا پشکنینی توندوتۆڵیی ئوتۆمبێل ئەنجامنادەن.
دوای ئه‌و نیگه‌رانییه‌ی كه لای هاوڵاتییان‌و شۆفێران دروستبوو سه‌باره‌ت به‌زیادكردنی كرێی دواكه‌وتنی پشكنینی ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێل كه كۆمپانیای تایبه‌تمه‌ند ئه‌مڕۆ بڵاویكرده‌وه، به‌ڕێوه‌ری گشتیی دیوان له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم جه‌ختیكرده‌وه، "له‌ئێستادا ئه‌و نوسراوه كاری پێناكرێت".
وه‌كو هێمن میرانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوان له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم له‌فه‌یسبوكى خۆى بڵاویكردوه‌ته‌وه، "ئه‌و نوسراوه‌ی كۆمپانیای OPVI بڵاویكردوه‌ته‌وه سه‌باره‌ت به‌وه‌رگرتنی كرێی دواكه‌وتنی پشكنینی ساڵانه‌ی ئۆتۆمبێل له‌ئێستادا كاری پێناكرێت".
میرانى وتویه‌تى، "بۆ سه‌لامه‌تی هه‌مولایه‌ك پێویستوایە شۆفێران ساڵانەو بەردەوام پشکنینی توندوتۆڵی بۆ ئۆتۆمبێلەکانیان بکەن، به‌ڵام نوسراوى سزادانیان كارى پێناكرێت".
وه‌كو ئه‌مڕۆ كۆمپانیاكه ڕایگه‌یاندبوو، بەگوێرەی سیستەمە نوێیەکە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی یەک ساڵ دوابکەون، جگە لەکرێی ئاسایی، دەبێت 50٪ی بڕی کرێی ساڵێک وەک سزا بدەن، بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەشی کە دوو ساڵ‌و زیاتر دواکەوتون، سزا ئیدارییەکە بۆ 100٪ بەرزدەبێتەوە بۆ هەر ساڵێکی دواکەوتوو.
کۆمپانیاکە جەختیكردبوه‌وه، ئامانج لەو هەنگاوە تەنها پاراستنی سەلامەتیی گیانی هاوڵاتیان‌و دڵنیابونەوەیە لەتوندوتۆڵیی ئۆتۆمبێلەکان بۆ کەمکردنەوەی ڕوداوەکانی هاتووچۆ.
