گرفتی هەزاران شۆفێری کورد چارەسەرکراو فەرمانگەیەکی نوێى گومرگ کرایەوە

کوردستان

4 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 4839 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گرفتی هەزاران شۆفێری کورد چارەسەرکراو فەرمانگەیەکی نوێى گومرگ کرایەوە، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیش له‌په‌رله‌مانى عێراق له‌ڕێگه‌ى شارپرێسه‌وه‌ زانیاریى گرنگ ئاشكراده‌كات.


دوای ئەوەی شۆفێرانی بارهەڵگریی هەرێمی کوردستان لەنێوان هەرێم‌و پارێزگاکانی ناوەڕاست‌و خواروی عێراق کێشەیان بۆ دروستبوو، داوایانکرد نوێنەرانی کورد لەبەغدا کارێک بکەن بۆ چارەسەری کێشەکەیان‌و کردنەوەی فەرمانگەی گومرگ لەسنورەکە، کە بەشێکی زۆر لەکێشەکانیان چارەسەردەکات.

سروە محەمەد بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتیی له‌په‌رله‌مانى بەشارپرێسی وت، "بڕیاردراوە کیشەکە چارەسەربکرێت‌و فەرمانگەی گومرگ لەبازگەی باوە مەحمود دەکرێتەوەو ئیتر شۆفێرانی کورد ناچارنین بۆ گواستنەوەی کاڵاکانیان گومرگی بازگەکانی دیكه‌ى عێراق بەکاربهێنن".

ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، "دوای ئەوەی داواکاریی بەشێکی زۆر لەشۆفێرانمان پێگەشت، دوای ئەنجامدانی چەند هەوڵ‌و سەردانێک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە فەرمانگەیەکی گومرگیی لەبازگەی باوە مەحمود بکرێتەوەو کێشەی شۆفێرانی کوردستان چارەسەربکات".

سروە محەمەد لەبارەی هەوڵەکانەوە زانیاریی زیاتری بۆ شارپرێس ئاشكراكردو جه‌ختیكرده‌وه‌، "زیاتر لەمانگێک‌و سەردانی وەزارەتی بازرگانی‌و نوسینگەی محه‌مه‌د شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران‌و بەڕێوەبەرایەتی گومرکی ناوەند، فراکسیۆنی یەکێتیی‌و سروە محه‌مه‌د توانییان دەنگی هەزاران شۆفێری بارهەڵگری گەورە بگەیه‌نن کە زیاتر لەساڵێکە گرفتارن، بەڵام دواجارو دوای چەندان سەردان‌و هەوڵ‌و ماندوبون توانرا قەناعەت بەوەزارەت‌و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت بەکردنەوەی بنکەیەکی گومرکی‌و خێرا ڕاییکردنی مامەڵەی شۆفێران‌و هاوڵاتیان".

بەپەلە