شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوی لەسەر نەخشەی نوێی سوریای پاش گۆڕانکارییەکانە، ئەمریکا پەیامێکی بێدەنگ، بەڵام کوشندە ئاراستەی دەسەڵاتی حكومهتهكهى ئهحمهد شهرع دەکات، بەڕاشکاوی دهڵێت، "سەردەمی سەپاندنی دەسەڵاتی ناوەندی بەهێزی چەک کۆتاییهاتوەو هەر هەوڵێک بۆ گەڕانەوە بۆ پێش ساڵی 2011، دەرگای خەزێنەکانی جیهان بەڕوی ئاوەدانکردنەوەی سوریادا کڵۆم دەدات".
ئەم هۆشدارییە توندە ڕاستەوخۆ پاش کۆبونەوەیەکی مێژویی دێت لەپەراوێزی 62مین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەسهر یهك مێز کە هەم ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریاو هەمیش مەزڵوم عەبدیو ئیلهام ئەحمەدی ئامادهبون، نەخشەی ڕێگەی داهاتوی کێشا.
ئهوكاتو لهسهر ئهو مێزه واشنتۆن وتویهتى، "دهمهوێت دڵنیابمهوه کە ڕێککەوتنامەی 29ی کانونی دوەم، تەنها مەرەکەبی سەر کاغەز نییە، بەڵکو پاراستنی تایبەتمەندی ناوچە کوردییەکان مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵ حکومەتی نوێ".
بەرپرسانی ئەمریکا مەرجی توند دەخەنەڕوو؛ یهكێك لهوانه تارمایی ئێران نابێت لەسوریادا بمێنێتو نابێت هێز بهسهر ڕۆژئاواى كوردستانیشدا بسهپێندرێت، بۆ ئهوهش واشنتۆن جهختیكردوهتهوه، "ناکرێت دیمەشق بەهێز ناوەندێتی بسەپێنێتو چاوەڕێ بێت ئێمە پارەی بۆ کۆبکەینەوە"، چاودێرانیش دهڵێن، "ئەمە مانای ئەوەیە کە لابردنی سزاکان (قەیسەرو ئەوانی دیكهش) تەنها بەهەنگاوی کردەیی دەبێت، نەک بەبەڵێنی زارەکی".
ئەمڕۆ دیمەشق لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە؛ یان دەبێت دان بەواقیعی نوێی ناوچە کوردییەکانو لامەرکەزیدا بنێتو وڵاتەکەی لەوێرانەیی ڕزگاربکات، یان ئەوەتا بەدوای خەونی ناوەندێتییەکی تۆکمەدا بچێتو سوریا لەناو گەمارۆیەکی ئەبەدیو هەژاریدا بهێڵێتەوە، واشنتۆن پەیامەکەی تەواوکرد، "سەقامگیریی بەبێ ڕەچاوکردنی مافی پێکهاتەکان، تەنها سەرابە".
