شارپرێس:
دوای ساڵی 2003،
کورد وەک یەکێک لەتەلارسازە سەرەکییەکانی عێراقی نوێ دەرکەوت، لەقۆناغێکدا کە هێزەکانی
پێشمەرگە 80٪ی ئاسایشی پایتەختیان لەدەستدابوو، پۆستە سیادییە سەربازییەکانى
(سوپاسالار، فەرماندەی هێزی ئاسمانی، هەواڵگریی) پشکی کوردبون، وا دەبینرا کە کورد
بوەتە هاوبهشى ڕاستەقینەی بڕیاری ئەمنیی، بەڵام دوای دوو دەیە، ئامارەکانو ڕەفتارە
سیاسییەکان باس لەچیرۆکێکی جیاواز دەکەن، چیرۆکی بێگانەکردنی کورد لەناوماڵی خۆیدا.
لەلوتکەی 17٪وە
بۆ هەڵدێری 1٪؛ کورد لەناو جەرگەی بڕیاری سەربازیی عێراقدا بەرەو نەمان دەچێت، لەکاتێکدا
بەغدا بەچەکوشی زۆرینە پۆستە سیادییەکانی کورد دادەماڵێت، هەرێمی کوردستان لەبەردەم
تاقیکردنەوەیەکی مێژوییدایە: یان یەکخستنی سوپایەکی نیشتمانیی پێشمەرگە، یان چاوەڕوانیکردنی
گەڕانەوەی سوپایەکی تایەفەگەر کە چیتر زمانی شەراکەت نازانێت.
ئێوارهى ڕابردوو
لهناو پهرلهمانى عێراق سەردەمی "برا گەورە"و "شەریکی بەغدا"
کۆتاییهاتو سەردەمی "دەستت لابە"و پەراوێزخستنی سیستماتیکی کوردە لەدامەزراوە
ئەمنییەکانی عێراقدا، ئەو سوپایەی کورد لە2003دا بەخوێنو ئەزمونی ئەفسەرەکانی بونیادی
نایەوە، ئێستا خەریکە دەبێتەوە بەهەڕەشەیەک کە تەنها بەیەکڕیزیی ناوخۆییو هێزێکی یەکگرتوی
پێشمەرگە دەوەستێنرێت.
پاشەکشەی ڕێژەییو
جۆریی
لەکاتێکدا لەساڵی
2003دا کورد نەک هەر بەشداربوو، بەڵکو ڕۆڵێكى سەرەکیشى هەبوو لەبونیادنانەوەی
سوپاو پاراستنی بەغدا (بەڕێژەی 80٪)، ئێستا باس لەوەدەکرێت ئەو ڕێژەیە بۆ کەمتر لە
1٪ دابەزیوە، شارهزایانى سهربازیش پێیانوایه، ئەمە تەنها کەمبونەوەی ژمارەیی نییە،
بەڵکو لەدەستدانی پۆستە سیادییەکانی وەک (سوپاسالار، فەرماندەی هەواڵگرییو فهرماندهى
هێزی ئاسمانی)یە کە جومگە هەستیارەکانن.
گۆڕانی ناسنامەی
سوپا
ئەو مەترسییەی فەریق
بابەکر زێباری سوپاسالارى پێشوترى عێراقو چاودێرانى سهربازیى ئاماژەی پێدەکەن،
بریتییە لەگۆڕانی سوپا لەدامەزراوەیەکی نیشتمانی فرەپێکهاتەوه بۆ سوپایەکی مەزهەبیو
تایەفەگەر، ئەمەش وایکردوە ئەفسەرە کوردەکان هەست بەنامۆیی بکەنو بەهۆی سیاسەتی ڕهگهزپهرستى
دەستبەرداری پۆستەکانیان بن.
لێکەوتەکان بۆ
داهاتوو
ههروهك شارهزایانى
سهربازیى هۆشداریدهدهن لەوەی، بێباکی سەرکردایەتی سیاسی کوردو بێ مروەتی دۆستەکان
وهك ئاماژەیەك بۆ ئەمریکاو هاوپەیمانان، دەبێتە هۆی ئەوەی سوپای عێراق جارێکی دیكه
ببێتەوە بەسوپایەکی عەرەبی پەتی، ئەمەش مێژویەکی تاڵ بۆ کورد بیردەخاتەوە کە تێیدا
سوپا هەمیشە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی کورد بەکارهاتوە نەک پاراستنی.
بۆشایی یاساییو
سیاسیی
ئەوەی جێگەی سەرنجە،
ئەو پۆستانەی پشکی کوردن بهگوێرهى دەستور، ئێستا یان بەبەتاڵی ماونەتەوە یان بەوەکالەت
بەکەسانی دیکە پڕکراونەتەوە، ئەمەش نیشانەی لاوازبونی فشاری سیاسی کوردە لەبەغدا،
لهو ڕوهشهوه جهختدهكرێتهوه لهسهرئهوهى، ئەم دۆخە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە
کورد لەشەریکی سەرەکییەوە بەرەو پەراوێزخراو لەناوەندەکانی بڕیاری سەربازیی عێراق
هەنگاو دەنێت، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان.
پاشەکشەی پلەبەندی
(لە 17٪ بۆ 1٪)
وهكو سهرچاوه
ئاگادارهكان لهبهغداوه باسیدهكهن، لهدهستپێكى بونیادنانهوهى سوپاى عێراقدا،
كورد پشكى 17%ى ههبوه، بهڵام ئێستا بۆ 1%و 2% خهریكه دادهبهزێت، بهڵام دهڵێن،
ئەم دابەزینە بەڕێکەوت نەبوە، بەڵکو وەک پێشتر فهریق جهبار یاوهر شارهزاى سهربازیى
ئاماژەی پێكردوه، قۆناغ بەقۆناغ بوە، بهشێوهیهك لهساڵى 2003 ڕێژەکە 17٪ بوو
(هاوتا لەگەڵ پشکی بودجە)، دواتر دابەزیوه بۆ 14٪و پاشان 12٪و دواتر بۆ 7٪، ئێستاش
گەیشتوەتە نزمترین ئاست کە تەنها 1٪ بۆ 2٪ تێپهڕناكات.
پێشێلکردنی مادەی
9ى دهستور
بهگوێرهى مادەی
9ی دەستور، دەبێت سوپا ڕەنگدانەوەی پێکهاتەکانی گەلی عێراق بێت، بەڵام کاتێک ڕێژەی
کورد لەسوپادا تەنها 1٪ بێت، لەکاتێکدا ڕێژەی دانیشتوانی زۆر لەوە زیاترە، ئەمە بەواتای
پەکخستنی مادەیەکی بنەڕەتیی دەستور دێت.
جیاوازی نێوان یاساو
واقیع
وەزارەتی
پلاندانان دەڵێت دەبێت کورد 13٪ بێت، دەستورو ڕێککەوتنەکانیش دەڵێن 17٪، بەڵام لەسەر
زەوی تەنها 1٪ بونی هەیە، ئەم بۆشاییە گەورەیە نیشانەی ئەوەیە کە بڕیاری سەربازیی
لەبەغدا، لەژێر کاریگەریی سیاسییو مەزهەبیدایە نەک یاسایی.
دوبارەبونەوەی مێژوو
1921 بۆ 2003
وەک ئاماژەی پێکراوە،
کورد لەهەردوو وێستگەی دامەزراندنی سوپای عێراقدا (سەردەمی مەلیک فەیسەڵو سەردەمی
پۆڵ بریمەر) بەشدارێکی سەرەکی بوە، بەڵام لەهەردوو جارەکەدا دوای ئەوەی سوپا سەقامگیر
بوە، کورد پەراوێزخراوە.
نەمانی کورد لەناو
سوپای عێراق، تەنها نەمانی چەند هەزار موچەخۆرێکى سهربازیى نییە، بەڵکو بەواتای نەمانی
چاودێرییو هەواڵگریی کوردە لەناو سوپایەک کە لەمێژودا چەندینجار دژ بەگەلی کورد بەکارهاتوە.
شکانی بنەمای تەوافوق
عێراقی دوای
2003 لەسەر سێ کۆڵەکەی سەرەکی (کورد، شیعەو سوننە) بونیادنرا، کاتێک پۆستێکی سیادی
وەک سەرۆک ئەرکانی سوپا کە بهگوێرهى عورفو ڕێککەوتنی سیاسیی پشکی کوردە، بەبێ ڕەزامەندی
کوردو بەدەنگی پێکهاتەکانی دیكه دەدرێت بەکەسێکی دیکە، ئەمە بەواتای کۆتاییهاتنی
سەردەمی شەریکایەتیو دەستپێکردنی سەردەمی سەپاندنی زۆرینە دێت.
گۆڕانی مامەڵەی
لایەنە عێراقییەکان
ئەوەی جێگەی سەرنجە،
ئەمجارە تەنها لایەنی شیعە نییە کە پشکی کورد پەراوێزدەخات، بەڵکو وەک لەنمونەی هەیبەت
حەلبوسی سهرۆكى پهرلهمانى عێراق (پشكى سوننه)شدا دەردەکەوێت كاتێك چهكوشهكهى
دهستى بهتوندى دهكێشێت بهسهر مێزهكهیداو ئامادهنییه گوێ بۆ جێگرهكهى
بگرێت كه كورده، لایەنی سوننە (کە خۆیان بەهاوپەیمانی مێژویی کورد دەزانن لەزۆر
وێستگەدا) بەهەمان شێوازی توندو بێباکانە مامەڵە لەگەڵ داواکارییەکانی کورد دەکەن،
ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە بەرژەوەندیی پێکهاتەیی لەبەغدا، ئێستا لەسەروی هەموو ڕێککەوتنە
مێژوییەکانەوەیە.
لاوازیی کارتی
فشاری کورد
ناڕەزایەتییەکەی
فەرهاد ئەتروشی جێگرى دوهمى سهرۆكى پهرلهمانو شاخهوان عهبدوڵڵا سەرۆکی
فراکسیۆنی پارتی لهپهرلهمانى عێراق كه جهختیانكردهوه، ئهوهى كرا لهپهرلهمانهوه
جێگهى قبوڵ نییهو كورد ڕێگه نادات پۆستهكانى داگیربكرێن، هەرچەندە توندە، بەڵام
کاتێک نهیانتوانیى ڕێگریی لەبڕیارەکە بكهن، بهبڕواى چاودێران نیشانهیه بۆ پەرتەوازەیی
ناوماڵی کورد، ههر ئهمهشه وایکردوە لایەنە عێراقییەکان ترسیان لەکاردانەوەی یەکگرتوی
کورد نەمێنێت، ههروهها ئاماژهیه بۆ بێباکی نێودەوڵەتی كه چیتر فشارێکی نێودەوڵەتی
نییە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی پێکهاتەکان.
مەترسییە ستراتیژییەکە
نەمانی کورد لەلوتکەی
هەرەمی سەربازیی (سەرۆک ئەرکانی سوپا)، بەو مانایەیە کە کورد هیچ چاوو گوێیەکی لەناو
جەرگەی بڕیارە سەربازییەکاندا نامێنێت، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ناوچە کوردستانییەکانی
دەرەوەی ئیدارەی هەرێم (ناوچە جێناکۆکەکان) کێشەی ئەمنیی گەورەیان تێدایەو سوپای عێراقیش
تێیاندا باڵادەستە.
ئێستاش کاتی ئەوە
هاتوە، سەرکردایەتی سیاسیی کورد بێباکی بنێتە لاوەو تێبگات کە قەڵای کورد لەناوخۆدایە
نەک لەبەغدا، نەمانی کورد لەسوپای عێراق دەبێت بکرێتە دەرفەتێک بۆ کۆتایهێنان بەدوو
ئیدارەیی سەربازییو دروستکردنی سوپایەکی مۆدێرنی کوردستان، ئەمەش تەنها ڕێگەیە کە
وادەکات چیتر کورد نەبێتە بێگانە لەسەر خاکی خۆییو مێژوی تاڵی خۆزگەمان بەپار
دوبارە نەبێتەوە.
