زانیاریى گرنگ له‌ئێرانه‌وه‌ ئاشكراده‌كرێت.. بزانه‌ چى ده‌گوزه‌رێت له‌و وڵاته‌‌و كێ باڵاده‌سته‌

جیهان

2 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 1384 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

کۆچی دوایی یان نەمانی خامنەیی لەسەر کورسیی دەسەڵات، تەنها گۆڕانکارییەک نییە لەناوی سەرکردەدا، بەڵکو وەرچەرخانێکی مێژوییە لەپێکهاتەی حوکمڕانیی ئێراندا، به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێكى شیکاریی (فۆرێن ئەفێرز)، ئێران بەرەو قۆناغێک هەنگاو دەنێت کە تێیدا سوپای پاسداران دەبێتە بڕیاردەری تاقانەو کۆتایی بەو هاوسەنگییە دەهێنێت کە پێشتر خامنەیی لەنێوان دامەزراوەکاندا ڕایگرتبوو.


کۆتایی سەردەمی هاوسەنگیی هێز
خامنەیی لەمێژوی کۆماری ئیسلامیدا وەک باڵانسى هێز کاریکردوە، ئەو ڕێگەی دەدا سوپای پاسداران هەژمونی ئابوریی‌و سەربازیی هەبێت، بەڵام لەهەمانکاتدا دەسەڵاتی ڤیتۆی بەکاردەهێنا بۆ ڕێگریکردن لەسەرکێشییە بێسەروبەرەکان، بەنەمانی ئەو، سوپای پاسداران چیتر ڕکابەرو کۆنترۆڵکەری نییە.

ڕێبەری نوێ.. لەسەرپەرشتیارەوە بۆ کادری سوپا
گرنگترین خاڵی ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەدەکات، ڕێبەری داهاتوو (چ موجتەبا خامنەیی بێت یان کەسێکی دیكه‌)، تەنها پۆشەرێکی شەرعیی ئایینی دەبێت بۆ ئەجێنداکانی سوپا، لەمەودوا نوسینگەی ڕێبەری باڵا نابێتە ناوەندێک بۆ داڕشتنی سیاسەت، بەڵکو دەبێتە بریکارێکی جێبەجێکار بۆ فەرماندە سەربازییەکان.

پەراوێزخستنی دەسەڵاتی مەدەنی‌و هەڵبژێردراو
ئەم وەرچەرخانە سیاسییە گورزێکی کوشندە لەدامەزراوەی سەرۆکایەتی دەوەشێنێت بۆ نمونه‌، ئەگەر ڕۆحانی توانیبێتی ڕێککەوتنی ئەتۆمی واژۆبکات، ئەوا مەسعود پزیشکیان یان هەر سەرۆکێکی دیكه‌ لەداهاتودا، هیچ مەودایەکیان بۆ مانۆڕی سیاسیی نابێت، هه‌روه‌ها ئاییندەی ئێران وەک دیکتاتۆرییەتێکی سەربازیی ڕوت وێنا دەکرێت کە بەرگێکی ئایینی پۆشیوە.

ئابوریی جەنگ‌و هاوپەیمانییە نوێیەکان
سوپای پاسداران بۆ مانەوەی خۆی پەنا بۆ دوو ستراتیژ دەبات، یه‌كه‌میان ناوخۆیی، به‌واتاى ئاڕاستەکردنی تەواوی سەرچاوە داراییەکان بۆ کەرتی سەربازیی‌و پڕچەککردنەوە، لەسەر حیسابی بژێوی خەڵک، دوه‌میش دەرەکی، پشتبەستنی تەواو بەچین‌و ڕوسیا وەک چەترێکی سیاسیی‌و ئابوریی، بەڵام ئەمە گرەوێکی پڕ مەترسییە، چونکە پەکین‌و مۆسکۆ ئامادەنین پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی به‌قوربانیی بەرژەوەندییەکانی ئێران بکەن.

تەحەداو بەربەستەکان
ڕاپۆرتەکە کۆتایی بەو ڕاستییە تاڵە دەهێنێت کە ئێران لەبەردەم سێبەری داڕوخانی داراییدایە، سوپای پاسداران دەیەوێت سێ کار پێکەوە بکات، (بونیادنانەوەی سوپایەکی تێکشکاو، بەرەوپێشبردنی بەرنامەی ئەتۆمیی لەژێرزەمینەکاندا هه‌روه‌ها دابینکردنی تێچوی گروپە بریکارەکانی میلیشیاکان)، له‌ئەنجامیشدا، جێبەجێکردنی هەرسێکیان بەسەریەکەوە، لەتوانای دارایی ئێستای ئێراندا نییەو وڵاتەکە بەرەو تەقینەوەی ناوخۆیی یان ئیفلاسی تەواو دەبات.

بەپەلە