شارپرێس:
لەکاتێکدا جیهان چاوەڕێی هەنگاوێکی ئەرێنی دەکرد بۆ خاوکردنەوەی ئاڵۆزییەکان، هێرشە ئاسمانییەکەی دوێنێ چوارشەممەى ئيسرائيل بۆسەر تاران، تەنها باڵەخانەیەکی نیشتەجێبونی نەهەژاند، بەڵکو یەکێک لەگرنگترین ئەندازیارانی پشت پەردەی دانوستانە نهێنییەکانی نێوان ئێرانو ئەمریکای خستە دۆخێکی تەندروستیی مەترسیدارەوەو ئێستا بهبرینێكى سهختهوه لهژێر چاودێریدایه.
کەمال خەرازیی؛ پیاوی ڕێڕەوە باریکەکان
کەمال خەرازی سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتیژیی پەیوەندییە دەرەکییەکانو ڕاوێژکاری باڵای ڕێبەری ئێران، تەنها دیپلۆماتکارێکی دێرین نییە، ئەو "سندوقی ڕەشی" سیاسەتی دەرەوەی تارانە.
بهگوێرهى ڕاپۆرتە نوێیەکانی نیویۆرک تایمز، خەرازی لەچەند مانگی ڕابردودا سەرپەرشتی گەورەترین پڕۆژەی دیپلۆماسیی کردوە کە بریتیبوە لەهەماهەنگی لەگەڵ وڵاتی پاکستان بۆ ڕێکخستنی دیدارێکی مێژویی لەنێوان بەرپرسانی ئێرانو جەی دی ڤانس-ی جێگری سەرۆکی ئەمریکا.
هێرشێک بۆ پەکخستنی ئاشتیی؟
چاودێرانی سیاسییو بەرپرسانی ئێرانی وا دەڕواننە بەئامانجگرتنی خەرازی کە "هەوڵێکی ڕاستەوخۆیە بۆ لەباربردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان"، خەرازی کە پێشتر وەزیری دەرەوەو نوێنەری ئێران بوە لەنەتەوەیەکگرتوەکان، هەمیشە وەک کەسایەتییەکی پراگماتی دەبینرا کە دەیتوانیی لەنێوان توندڕەویی ناوخۆو فشاری دەرەوەدا هاوسەنگیی ڕابگرێت.
هەڕەشەی ئەتۆمیو دوایین پەیام
خەرازی پێش برینداربونی، پەیامێکی دوو سەرەی بۆ جیهان ناردبوو؛ لەلایەکەوە باسی لەوەدەکرد کە ئێران "توانای تەکنیکیی دروستکردنی چەکی ئەتۆمی هەیە"، لەلایەکی دیكهشهوه داوای "دانوستانی ڕاستەقینەى لەسەر بنەمای ڕێزی یەکتر" دەکرد، ئێستا کە ئەو لەنەخۆشخانەیەو هاوسەرەکەی لەهەمان هێرشدا گیانی لەدەستداوە، پرسیارە گەورەکە ئەوەیە، ئایا بەنەمانی یان بێدەنگبونی خەرازی، دواین پەنجەرەی دیپلۆماسی لەنێوان تارانو واشنتۆن دادەخرێت؟
ئەم ڕوداوە نەک هەر گۆڕەپانی جەنگی گەرمتر کرد، بەڵکو هێڵە سورەکانی دیپلۆماسییەتیشی تێپەڕاندو ئێرانی خستە بەردەم دوڕیانێکی سەخت: تۆڵەسەندنەوەی سەربازیی یان بەردەوامبون لەو ڕێگهیەی خەرازی دەستیپێکردبوو؟
