شارپرێس:
لەکاتێکدا مەترسییەکانی سەر ناوچەکە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبن، گەلی خۆڕاگریی کۆبانێ جارێکی دیكه سەلماندیان کە ئیرادەی ئەوان لەچەکی داگیرکەران بەهێزترە، ئەمڕۆ جەماوەرێکی زۆرى کۆبانێ، ڕویان لەناحیەی (چەلەبی) کرد لەباشوری ڕۆژهەڵاتی شارەکە، بەمەبەستی پاراستنو خاوەنداریکردن لەدامەزراوەی شارەوانیی ناوچەکە کە ببوە ئامانجی پەلامارەکان.
بهگوێرهى زانیارییەكانى شارپرێس، هێزەکانی سەر بەحکومەتی سوریا بەشێوەیەکی دڕندانەو بەچەکی قورسو سوک ڕوبەڕوی خۆپیشاندەرانی مەدەنی بونەتەوە.
كهنداڵ جودى پهیامنێرى شارپرێس لهڕۆژئاواى كوردستان باس لهوهدهكات، لەجیاتی گوێگرتن لەدەنگی هاوڵاتیان، ئەو هێزانە دەستڕێژی گوللەیان لەخەڵک کردوە، بەو مەبەستەی کۆتایی بەو گردبونەوەیە بهێننو دەستبەسەر ئیرادەی خەڵکی ناوچەکەدا بگرن.
كهنداڵ ئهوهشى وت، "سەرەڕای هێرشە توندەکانو دەستڕێژی گوللە، گەلی کۆبانێ گۆڕەپانیان چۆڵنەکردوە، لەئێستادا ئاڵۆزییەکی زۆر لەناحیەی چەلەبیو دەوروبەری بەردەوامە، خەڵکی ناوچەکەش جەختدەکەنەوە، شارەوانییەکان دەستکەوتی ڕەنجی ئەواننو ڕێگەنادەن هیچ هێزێکی دەرەکی یان میلیشیایەک دەستبەسەر ئیدارەی شارەکەیاندا بگرێت".
ئەمڕۆ چەلەبی بوەتە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی ئیرادە؛ لەلایەکەوە گەلێک کە بەدەستی خاڵیو بەهاواری بەرخودان ژیانە بەرگریی دەکاتو لەلایەکی دیكهشهوه هێزگەلێک کە تەنها زمانی گوللەو سەرکوتکردن دەناسن، جیهان چاوەڕوانە ببێنێت ئایا ئیرادەی گەل دەسەلمێندرێت یان زمانی چەک باڵادەست دەبێت؟
