عێراق لەبەردەم هەڕەشەیەکی گه‌وره‌دا.. ئەمریکا فەرمانی جێهێشتنی دەستبەجێ دەردەکات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2952 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەپەرەسەندنێکی مەترسیدارو کتوپڕدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەبەغدا هۆشدارییەکی ئەمنی بەرز (ئاستی چوارەم)ی ڕاگەیاندو داوا لەسەرجەم هاوڵاتیانی دەکات بەبێ دواکەوتن خاکی عێراق‌و هەرێمی کوردستان جێبهێڵن، ئەم بڕیارە دوای گەیشتنی زانیاری هەواڵگریی ورد دێت سەبارەت بەئەگەری هێرشی موشەکی‌و درۆنی لە 24 بۆ 48 کاتژمێری داهاتودا.


هەرێمی کوردستان لەچەقی مەترسییەکەدا
ڕاگەیەندراوەکە بەڕونی ئاماژە بەوەدەکات، مەترسییەکان تەنها بەغدا ناگرێتەوە، بەڵکو هەرێمی کوردستانیش ئامانجێکی سەرەکیی هێرشەکانە، گروپە چەکدارەکان کە وەک تیرۆریست‌و هاوپەیمانی ئێران ناسێنراون، هەڕەشەی به‌ئامانجگرتنى کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر، فڕۆکەخانەکان‌و ژێرخانی وزە لەهەرێم دەکەن، هۆشدارییەکە دەڵێت، "هێرشەکان هاوڵاتیان، زانکۆکان‌و کۆمپانیاکانیش دەگرێتەوە".

داخستنی ئاسمان‌و پەککەوتنی گەشتەکان
لەئێستادا ئاسمانی عێراق بەڕوی سه‌رجه‌م گەشتەكاندا داخراوە، باڵیۆزخانە ڕێگەی وشکانی وەک تەنها بژاردەی ڕزگاربون دیاریکردوە، ده‌شڵێت، "هاوڵاتیان دەتوانن لەڕێگەی دەروازە سنورییەکانی (ئوردن، کوه‌یت، سعودیەو تورکیا)وە بچنە دەرەوە، بەڵام هۆشداریدەدرێت کە ڕێگه‌کان قەرەباڵغییەکی زۆریان تێدایەو ئەگەری داخستنی کتوپڕی سنورەکانیش هەیە.

تورکیاو سنورەکانی هەرێم
بۆ ئەوکەسانەی لەهەرێمی کوردستانەوە بەرەو تورکیا دەچن، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هۆشدارییەکی توند دەدات‌و ده‌ڵێت، "ناوچە سنورییەکانی نێوان عێراق‌و تورکیا لە"ئاستی چوارەمی مەترسی"دان‌و نابێت گەشتیان بۆ بکرێت.

هەروەها فەرمانی چۆڵکردنی بەشێک لەکارمەندانی کونسوڵخانەی ئەمریکا لە"ئەدەنا" دەرکراوە، ئەمەش نیشانەی فراوانبونی مەودای ئاڵۆزییە ئەمنییەکانە لەناوچەکەدا.

ڕێنماییەکان بۆ هاوڵاتیان..
ئه‌مریكا ده‌ڵێت، "هەر ئێستا عێراق جێبهێڵن‌و بەرەو سنورە وشکانییەکان بکەونەڕێ، لەهەر شوێنێکیش پاشماوەی تەقینەوە یان هێرشتان بینی، لێی دوربکەونەوە، تەلەفۆنەکانتان بارگاوی (شەحن) بکەنەوەو پەیوەندیی بەردەوامتان لەگەڵ کەسوکارتان هەبێت، بڕێکی پێویست لەئاو، دەرمان‌و خۆراک بۆ کاتی باری نائاسایی کۆبکەنەوە".

له‌كۆتاییشدا ده‌ڵێت، "دۆخەکە زۆر هەستیارەو حکومەتی عێراقیش نەیتوانیوە ڕێگریی لەم هێرشانە بکات، ئەمەش وایکردوە مانەوە لەعێراق‌و هەرێمی کوردستانیش لەمساتەدا، مەترسییەکی ڕاستەقینەبێت لەسەر ژیانی مرۆڤەکان".

بەپەلە