شارپرێس:
لەگوتارێکی داڕێژەرو پڕ لەپەیامی تونددا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، سەرکەوتنی سەربازیی وڵاتەکەی بەسەر کۆماری ئیسلامی ئێراندا ڕاگەیاند، ترەمپ بەشانازییەوە جەختیکردەوە، ئەو مەترسییە ئەتۆمییەی بۆ ماوەی چەندین دەیەیە جیهانی هەراسان کردبوو، بەتەواوی کۆتایی پێهات.
تەقینەوەی "توڕەییە داستان ئاساکە"و خاپوربونی ژێرخانی سەربازیی
ترەمپ پەردەی لەسەر وردەکاریی ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییە لادا کە تەنها مانگێکی خایاندو ناوی نا "توڕەییە داستان ئاساکە"، ڕاشیگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بەفڕۆکەی جەنگی جۆری B2، سەرجەم بنکە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان کردوەتە ئامانجو وێرانیانکردون.
سەرۆکی ئەمریکا وتی، "ئێستا ئێران نەک هەر توانای ئەتۆمیی نەماوە، بەڵکو هێزی ئاسمانییو سەکۆکانی هەڵدانی موشەکیشی خاپورکراون، سوپای پاسداران کە بۆ ساڵانێکی درێژ مۆتەکەی ناوچەکە بوو، ئێستا بەتەواوی کاولکراوە، زۆربەی سەرکردە باڵاکانی ئەو وڵاتەش لەم ئۆپەراسیۆنەدا کوژراون".
ئەمریکا؛ پاشای وزەی جیهان
یەکێک لەپەیامە هەرە کاریگەرەکانی ترەمپ لەبارەی "سەربەخۆیی وزە"وە بوو، ئەو ڕایگەیاند، ئەمریکا چیتر پێویستی بەنەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، چونکە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتو گازی وڵاتەکەی لەسعودیەو ڕوسیاش تێپەڕیکردوە.
ترەمپ بەڕونی وتی، "هەناردەی ئەمریکا لەگهروى هورمزەوە گەیشتوەتە سفر، پێشنیاز بۆ وڵاتانی جیهان دەکەم چیتر پارە لەناوچە پڕ کێشەکاندا خەرجنەکەنو بێن نەوت لەئێمە بکڕن"، هەروەها داوای لەو وڵاتانە کرد کە کەشتییەکانیان بەگهروهكهدا تێدەپەڕێت، خۆیان بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی ئاوییەکە بگرنە ئەستۆو سوپاسی ئەمریکا بکەن کە ئێرانی "ئیفلیج" کردوە.
"گەڕانەوە بۆ چاخی بەردین"
هەرچەندە ترەمپ ئاماژەی بەوەکرد کە ئامانجیان گۆڕینی ڕژێمەکە نییە، بەڵام هۆشدارییەکی کەم وێنەیداو وتی:"ئەگەر پێویست بکات، لەدوو بۆ سێ هەفتەی داهاتودا هێرشی دیكه ئەنجامدەدەین کە ئێران دەگەڕێنێتەوە بۆ چاخی بەردین، هەر لەئێستاوە ڕژێمەکە ڕوو لهکەوتنەو شێوازی مامەڵەی گۆڕاوە".
قوربانییەکانو وەفاداریی بۆ سەربازان
لەبەشێکی سۆزداریی وتارەکەیدا، سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ئازایەتی سەربازانی وڵاتەکەی کردو یادی ئەو 13 سەربازە ئەمریکییەی کردەوە کە لەم ئۆپەراسیۆنەدا گیانیان لەدەستدا، وەک "پاڵەوانانی ئازادی" ناوى بردن.
کۆتایی گوتارەکە.. (ڕۆژهەڵاتێکی ناوەڕاستی ئازاد)
ترەمپ گوتارەکەی بەوە کۆتایی پێهێنا کە جیهان ئێستا شوێنێکی ئارامترە، سوپاسی هاوپەیمانەکانی وەک ئیسرائیلو وڵاتانی کەنداوی کردو بەڵێنیدا کە ئەمریکا وەک هێزی یەکەمی جیهان، ڕێگەنادات هیچ "شێتو بکوژێک" داهاتوی مرۆڤایەتی بخاتە مەترسییەوە.
