سوپای ئەمریکا بکوژە بێدەنگەکە دەخاتە گەڕ.. بۆ یەکەمجار لەدوای جەنگی ڤێتنامەوە قومبه‌له‌یه‌كى نوێ هاتە ناو هێزەکانەوە

جیهان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 2980 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سوپای ئەمریکا، دوای تێپەڕبونی زیاتر لەنیو سەدە بەسەر جەنگی ڤێتنامدا، یەکەمین جۆری قومبه‌له‌یه‌كى دەستیی هێرشبەری نوێی بەناوی (M111) خستە ناو جبەخانە سەربازییەکانییەوە، ئەم چەکە نوێیە کە لەپلاستیک دروستکراوە، جیاواز لەقومبه‌له‌ کلاسیکییەکان، پشت بەشەپۆلی شۆک دەبەستێت نەک پارچە تەقەمەنی بۆ لەناوبردنی ئامانجەکانی.


قومبه‌له‌ی (M111) بەتایبەت بۆ شەڕی ناوشارو کۆڵانەکان دیزاینکراوە، سیستەمی کارکردنی ئەم چەکە پشت بەپەستانی بەرزی هەوا دەبەستێت (Overpressure)، کە ناسراوە بەتەکنەلۆژیای (بوب ـ POB)، کاتێک دەتەقێتەوە، بەرگی پلاستیکیی قومبه‌له‌كه‌  بە تەواوی دەبێتە هەڵم، ئەمەش مەترسی برینداربوونی هێزە دۆستەکان یان خەڵکی مەدەنی بەهۆی پارچەی ئاسنەوە کەمدەکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا کاریگەرییەکی کوشندەی لەناو ژوور و شوێنە داخراوەکاندا هەیە.

به‌گوێره‌ى داتا سەربازییەکان، ئەو شەپۆلە پەستانە بەرزەی لەم قومبه‌له‌یه‌وه‌ دروستدەبێت، دەبێتە هۆی کشان‌و پەستانی خێرای شانەکانی جەستەی مرۆڤ، ئەمەش زیانی کوشندە دەگەیەنێت بەگوێچکە، سییەکان، چاوو کۆئەندامی هەرس، لەحاڵەتە توندەکانیشدا، شەپۆلەکە دەبێتە هۆی لەدەستدانی هۆشیاریی، زیانی مێشک‌و تەنانەت پەڕینی پەلەکانیش.

عەقید ڤینس مۆریس بەڕێوەبەری پڕۆژەکە لەکارگەی (پیکاتینی) لەنیوجێرسی ڕایگەیاندوە، پەرەپێدانی ئەم چەکە ئەنجامی ئەزمونەکانی شەڕی ناوشار بوە لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەتایبەت لەعێراق، لەوێ دەرکەوتوە کە قومبه‌له‌ى (M67)ی باو، هەمیشە گونجاو نییە بۆ ناو بیناکان، چونکە پارچە ئاسنەکانی دیوارە تەنکەکان دەبڕن‌و مەترسی بۆ سەر سەربازە دۆستەکان دروستدەکەن.

لەکاتێکدا سوپای ئەمریکا بەردەوامدەبێت لەبەکارهێنانی قومبه‌له‌ى (M67) بۆ شوێنە کراوەکان، (M111) دەبێتە چەکی سەرەکی بۆ پاککردنەوەی بیناو دامەزراوەکان، هاوکات، هێزەکانی مارێنزیش کار بۆ بەدەستهێنانی قومبه‌له‌ى (M21)ی نەرویژی دەکەن کە بەهەمان تەکنەلۆژیا کاردەکات.

ئەم هەنگاوە وەک ئامادەکارییەک دەبینرێت بۆ هەر ڕوبەڕوبونەوەیەکی سەربازیی ئەگەری لەژینگە ئاڵۆزە شارییەکاندا، کە تێیدا وردی لەپێکانی ئامانج‌و کەمکردنەوەی زیانی لاوەکی، ئەولەویەتی یەکەمن.

بەپەلە