شارپرێس:
حكومه‌ته‌كه‌ى شه‌رع هێڵى ئینته‌رنێتى له‌سه‌ر ته‌واوى كۆبانێ‌و ده‌وروبه‌رى بڕیى ئه‌مه‌ش دواى ئاڵۆزیه‌كانى ئه‌مڕۆى ناوچه‌ى چه‌له‌بیه‌ى سه‌ر به‌كۆبانێ، ئیداره‌ى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌وشاره‌ش ڕایده‌گه‌یه‌نێت، "ڕێگه‌ناده‌ین له‌ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و ئیداره‌یه‌ى پێشتر كاریكردوه، خه‌ڵكانى دیكه له‌دیمه‌شقه‌وه دابمه‌زرێندرێن".
ئیداره‌ى خۆبەڕێوەبه‌رى کۆبانێ له‌وباره‌یه‌وه ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "ئیدانەی دانانی کارگێڕ بۆ دامودەزگاکانی قەزای چەلەبیە لەلایەن ئیدارەی پارێزگای حەلەب‌و ڕێگریکردنی لەدانیشتوانی کۆبانێ لەدەرکردنی بەیاننامەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی بڕیاری دامەزراندن ده‌كه‌ین".
ئه‌وه‌شى ڕونكردوه‌ته‌وه، "به‌گوێره‌ى ئەو ڕێککەوتنەی کە لەمانگی یەکی ساڵی ڕابردودا لەنێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات‌و حکومەتی سوریا واژۆکرا، دەبوو دامەزراوەکانی ناوچەکە یەکبخرێن، به‌ڵام تا ئەمڕۆ بەڕێوەبەرو کارگێڕێک بۆ دامودەزگاکانی قەزای سیرین‌و چەلەبیە دانراون بەبێئەوەی لەگەڵ خەڵکی کۆبانێ ئەو بڕیارانە تاووتوێبکەن".
ئه‌وه‌ش هاتوه، "داوا لەحکومەتی سوریا دەکەین پابەندبێت بەمەرجەکانی ڕێککەوتنی 29ی مانگى یه‌كى ئه‌مساڵ، بەوپێیەى پڕۆسەی یەکگرتن جێبەجێبکات، ئێمە جەخت لەوەدەکەینەوە، هیچ شتێک لەدەرەوەی ئەمە قبوڵناکەین".
له‌كۆتایى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئیداره‌ى خۆبه‌ڕێوه‌به‌رى كۆبانێ جه‌ختده‌كاته‌وه، "هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ‌و هێزە سەربازییەکانی سەر بەحکومەتی سوریا بەتوندوتیژی دەستوەردانیان کردوه‌و ڕێگرییان لەدانیشتوانی ناوچه‌كه کردوه خۆپیشاندان‌و گردبونه‌وه‌بكه‌ن‌و بەیاننامە دەربکەن، هێرشیانكردوه‌ته‌سه‌ر هاوڵاتیان‌و هەوڵی دەستبەسەرکردنی زۆرێكیش له‌خه‌ڵكانى ناڕازیى دراوه".
به‌هۆى ئه‌و گرژییانه‌ى به‌یانى ئه‌مڕۆى كۆبانێ‌و ده‌وروبه‌رى، حكومه‌تى دیمه‌شق بڕیاریداوه هێڵى ئینته‌رنێت له‌سه‌ر كۆبانێ‌و ته‌واوى ناوچه‌كانى ده‌وروبه‌رى ببڕێت.
