شارپرێس:
وتەبێژی دەم پارتی عایشەگوڵ دۆغان، لە ناوەندی گشتیی پارتەکەی ڕایگەیاند، یەکێک لەو بابەتانەی جەختی لەسەر دەکەنەوە، باشترکردنی هەلومەرجی کار و ژیانی عەبدوڵا ئۆجالانە، پێویستە ئەم هەلومەرجانە بەپێی ڕۆحی پرۆسەکە باشتر بکرێن. بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە پێویستی بەمە هەیە. ئەم دۆخە وا دەکات ڕێگە لەبەردەم پرۆسەکەدا بکرێتەوە. کاتێک بتوانێت بێ نێوەندگیر ڕاستەوخۆ خۆی وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە، ئەمە کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت."
عایشە گوڵ دۆغان دەڵێت، مامەڵەکردن لەگەڵ ئۆجالان مامەڵەکردنە لەگەڵ گەلی کورد، دوای دیدارەکان، زانیارییەکان لەگەڵ ڕای گشتیدا هاوبەش دەکرێن. ئێمە دەمانەوێت پرۆسەکە بە شەفافی بەرەوپێش بچێت. دەمانەوێت ڕێگە بدرێت ڕۆژنامەنووسان خۆیان بڕۆن و پرسیارەکانیان ئاراستەی ئۆجالان بکەن. ئەمە بۆ پرۆسەکەش باش دەبێت. بەڕێز ئۆجالان لە ناو هەلومەرجێکی سنوورداردا ئەم پرۆسەیەی گەیاندە ئەم قۆناغە. بەڵام ئەگەر هەلومەرجی کاری باشتر بووایە، ئەوا بۆ چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیی تورکیا بەرەوپێشچوونێکی گەورەتر دروست دەبوو.
دەشڵێت، پێویستە ئەم ڕێگەیە بکرێتەوە و نەک تەنها بۆ ڕۆژنامەنووسان، بەڵکو ئەکادیمیستان، چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ، پارتە سیاسییەکان، کەسایەتییە دیارەکانی کۆمەڵگە و هەر کەسێک کە بیەوێت بڕوات، پێویستە بتوانن سەردانی بکەن. پێویستە ڕێگەی ئەمە بکرێتەوە.
